رۆژی هەینی، 16-6-2023، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی: “یاسای بودجەی ساڵی 2023ـی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە نێردراوە و گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ واژۆکردنی.”
بەپێی نووسراوێکی عەتوانی، کە رۆژی چوارشەممە، 14ـی حوزەیران بۆ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی ناردووە داوا دەکات یاسای بودجە بنێرن بۆ سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسندکردنی.
سەرۆککۆماری عێراق کە لە رۆژی 11ـی حوزەیرانەوە لە دەرەوەی عێراقە، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا واژۆ لەسەر یاسای بودجەی عێراق بکات، بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی 73ـی دەستووری عێراق، سەرکۆمار دەسەڵاتی پەسەندكردن و دەركردنی ئەو یاسایانەی پێدراوە کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەردەکرێن و یاساكانیش بە بەپەسەندكراو دەژمێردرێن پاش تێپەڕبوونی 15رۆژ بەسەر ناردنیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.
دوای پێنج رۆژ لە گفتوگۆی بهردهوامی نێوان هێزه سیاسییهكان، بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە (12-6-2023) پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان بە سەرجەم ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 دا.