ڕۆژی دووشەممەی، رێكەوتی 16ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان-عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، “هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە و لیستەکەمان لە رێگەی شاندێکی ژمێرکارییەوە بۆ بەغداد ناردووە، ئێستا وردبینی لە لیستەکە دەکرێت.”
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێم وتی: “لە بەسرەوە تاوەکو هەرێم هەموویان لیستی خۆیان بردووە بۆ بەغداد و بە نۆرە وردبینی لە لیستی هەموویان دەکرێت، دواتر شایستە داراییەکانیان دابەشدەکرێت.”
بە وتەی مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەرەکان لە مانگی 10ـیەوە پاداشتی دارایی وەردەگرن، ئەم مانگە لیستی مووچەی بژمێرەکانیش رۆشتووە و هەموویان ئەم مانگە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
19 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان ناویان بۆ بوونە بژمێر گەڕابووەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێم دەڵێت، “20 بۆ 27 هەزار کەس پاداشتە دارایی وەردەگرن کە بۆ هەر مانگێک 250 هەزار دینارە.”
دوای 37 ساڵ و لە 20 بۆ 22-11-2024، لە عێراق و هەرێم سەرژمێریی گشتی کرا، تێیدا ناوی خێزانەکان تۆمارکرا، تاوەکو شەوی 14ـی ئەم مانگە تەواوی فۆرمی تۆماری خێزان پڕکرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 70 پرسیار لە خێزانەکان کران.