بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی حوزهیران 2022، مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبە خاوەن کورسییەکانی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێم، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.
بە گوێرهی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکان، سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان لەبەرامبەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواردکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران لە راپۆرتێکدا دەخەنە بەردەم لێژنە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمە دووەمین کۆبوونەوەی لێژنەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبەکان.
بڕیاروایە بۆچوونی حزبەکان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم بکرێتە رەشنووسێک و بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی باڵای سەرۆکی هەرێم و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حزبە سیاسییەکانی هەرێم لە سەرەتای مانگی داهاتوو.