قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی… چیرۆکی نەریتێکی سەدەیی

قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی… چیرۆکی نەریتێکی سەدەیی

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی… چیرۆکی نەریتێکی سەدەیی
0

لایک

قاوە یەکێکە لە خواردنە ناوازە و بەناوبانگەکانی جیهان. لە زۆرێک لە وڵاتاندا خواردنەوەی قاوە یەکێکە لە رووتینەکانی رۆژانە بۆ دەستپێکی رۆژێکی چاڵاک، بەجۆرێک بازرگانی قاوە لە ریزبەندی دووەم دێت لە جیهاندا دوای بازرگانی نەوت.

لە جیهاندا بەشێوەیەکی گشتی ملیۆنان کەس بە چاندن، دوورینەوە و هاڕینی قاوە بژێوی ژیانیان پەیدا دەکەن، ئەمە جگە لە گواستنەوە و کارکردن لە کارگەی براندە جیهانییەکانی قاوە و فڕۆشتن و ساغکردنەوەی لە بازاڕەکاندا.

شاری هەولێر(ئەربیل)یش بێبەش نەبووە لە بەرهەمی قاوە و هەر لە دێر زەمانەوە دانیشتووانی شارەکە بە گشتی حەزیان بۆ قاوە هەبووە، یەکێک لە بەناوبانگترین قاوەخانەکانی هەولێریش بریتیی بووە لە قاوەخانەکەی عەبدوڵڵا سلێمان کە دواتر بە (عەبۆ قاوەچی) ناوبانگی دەرکردووە و ئەم نازناوەش تاکو ئەمڕۆ لە شاری هەولێر ماوەتەوە.

هەفتەنامەی تەبا بۆ زیاتر ئاشناکردنی خوێنەرانی بە چیرۆکی دامەزراندن و چۆنییەتی گەیشتنی قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی بە ئەمڕۆ، لە هەولێر چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عەلی قاوەچی، نەوەی عەبۆ قاوەچی و خاوەنی ئێستای قاوەخانەکە ئەنجامدا:

“لەبەر خۆشەویستی خەڵک بۆی بەناوی عەبۆ قاوەچی بانگکراوە”

چیرۆکی عەبۆ قاوەچی چۆن دەستیپێکرد؟

قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی، قاوەخانەیەکی کۆنی شاری هەولێر بووە. لە ساڵی ١٨٨٦ بەرامبەر قەڵاتی هەولێر کە ئێستا بە باغی شار ناسراوە. یەکەم قاوەخانە بەناوی عەبدوڵڵا کوڕی سلێمان دامەزراوە، دواتر بەهۆی خۆشەویستی دەوروبەر بۆ ئەو کەسە بە عەبۆ بانگیان کردووە. لە سەرەتادا بە چایچێتی دەستی پێکردووە، دواتر قاوەی هێناوە و بە دەستی خۆی هاڕیویەتی و بەیانیان زوو بەبێ بەرامبەر پێشکەشی خەڵکی کردووە. لە دەوروبەریشەوە خەڵکانێکی زۆر روویان تێکردووە بەجۆرێک دەیانوت ئەگەر نەچیتە قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی، وا دانێ نەچوویتە هەولێر.

“قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی جگە لە قاوەخانەیەک، شوێنی کۆبوونەوەی کەسایەتیە دیارەکانی هەولێر بووە”

قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی گرینگییەکی چۆنی هەبوو لە شاری هەولێر و ئەو کەسانە کێ بوون سەردانیان دەکرد؟

دوای ئەوەی قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد، بووە شوێنی دانیشتنە گرنگەکان، زۆربەی کەسایەتییە دیارەکانی هەولێر لە مەلا، مامۆستا، دکتۆر، رۆشنبیران و سیاسییەکان تیایدا کۆدەبوونەوە و چا و قاوەیان دەخواردەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەندین بابەتی گرنگی ئەو سەردەمە دەکرد.

“قاوەخانەکە تاکو ١٩٨٣ لە بابەوە بۆ منداڵ هەر لە شوێنی سەرەتایی خۆی مابوویەوە”

قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی تا ساڵی چەند مابوویەوە و هۆکاری سەرەکی داخرانی قاوەخانەکە چی بوو؟

لە راستیدا قاوەخانەکە تا ساڵی ١٩٨٣ هەر لەو شوێنەی خۆی بەرامبەر قەڵای هەولێر کە ئێستا بە باغی شار ناسراوە مابوویەوە. بەڵام بەهۆی بەردەوامیدان بە خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە لەلایەن ئەو کەسانەی لەلای عەبۆ قاوەچی کاریان دەکرد، کە هەندێکیان بوونە مامۆستا و بوونە فەرمانبەری حکومی، بۆیە پیشەکە تاکو باپیرم گەیشت و دواتر بەهۆی ئەوەی باوکم بەردەوامی بە خوێندن دا و توانی بڕوانامەی زانکۆ بەدەستبهێنێت و ببێتە مامۆستا، بۆیە نەیتوانی بەردەوامیی بەو پیشەیە بدات.

“دوای ٣٩ ساڵ بڕیارمدا بگەرێمەوە سەر پیشەی قاوەچێتی”

چی شتێک پاڵنەربوو بۆ ئەوەی بڕیار بدەیت دووبارە بگەڕێیتەوە سەر پیشەی قاوەچێتی؟

بە حوکمی ئەوەی من ١٧ ساڵە کاری پارێزەری دەکەم، لەگەڵ کۆمپانیاکان کاردەکەم و هاتووچۆی وڵاتی تورکیا دەکەم. رۆژێکیان بیرم لە هێنانی قاوە کردەوە. ئەوەبوو قاوەم هێنایە هەولێر بە مارکەیێکی دیکە، بەڵام دواتر کە بینیم بەرهەمەکان سەرف دەبێت کردمە براندی تایبەتی خۆمان بەناوی قاوەی قاوەچی. ئەمەش وایکرد کە بریار بدەم لە کاتێکدا کە من چوارەم نەوەم لەو پیشەیە، بگەڕێمەوە سەر پیشەی باو باپیرانم و شوێنێک بکەمەوە هەم قاوەی تیادا بفڕۆشین، هەمیش درێژە بە پیشەکەی باو و باپیرانمان بدەین.

“قەیسەری هەولێر وەکو شوێنێکی کەلتووری و کلاسیک گونجاو بوو بۆ کردنەوەی قاوەخانەیەکی بەمشێوەیە تیایدا”

کەی و چۆن بڕیارتان دا قاوەخانەی عەبۆ قاوەچی لەناو بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەنەوە؟

ماوەی دووساڵە من لەگەڵ بازرگانیکردن بە قاوە سەرقاڵم، سەرەتا داوامانکرد لە قەڵای هەولێر قاوەخانەکە بکەینەوە، سەرەڕای ئەوەی دوو سێ جار داوامکرد بەڵام کۆسپی زۆر هاتە بەردەممان، دواتر بەهۆی کەلتوور و مێژووەکەی قەیسەری هەولێر گونجاوترین شوێن بوو بۆ کردنەوەوەی قاوەخانەیەکی لەمشێوەیە تیایدا کە رەسەنایەتی هەولێری پێوە دیارە. بیرۆکەکەیشی بەرلە شەش مانگ دروستبوو کە هاتین و ئەمشوێنەمان بەکرێگرت و دەستمانکرد بە کاری نۆژەنکردنەوە.

“ئێستاش کەسانی بەتەمەنی سەردەمی باپیرم دێن و قاوەمان لەلا دەخۆنەوە”

هیچ کەسێک هەیە پێشتر لەلای باپیرت قاوەی خواردبێتەوە و ئێستاش بگەڕێتەوە و لەلاتان قاوە بخواتەوە؟

بە تەئکید، ئێستاش کەسانێکی زۆر دێن و دەڵێن کاتی خۆی لەلای عەبۆ قاوەمان خواردووەتەوە، ئێستاش کەسانی وەکو مام نەشئەت خەیات، عیزەددین وادی و ئازاد ئەمین و چەندین کەسایەتی دیاری شاری هەوێر سەردانمان دەکەن و دەلێن، هەمان کەش و هەمان تامی جارانمان دەداتێ.

سەرچاوەی بەرهەمەکانی مارکەی قاوەی قاوەچی کە پێکهاتووە لە ٢٠ جۆر قاوە، لە وڵاتی بەرازیل و ئۆغەنداوە بەدەستمان دەگات 

چۆن بڕیارتان دا قاوەی قاوەچی لە قاوەخانەیەکەوە بکەنە براندێکی جیهانی؟

من هەرلە منداڵییەوە گوێبیستی ناوی عەبۆ قاوەچی بوومە، ئەمەش وا هانیدام کە ئەو قاوەخانەیە ببێتە براندێکی گشتی و جیهانی کە لە ئێستادا بەناوی منەوە (عەلی قاوەچی)ـەوە تۆمارکراوە. دەنکی قاوەکانیش لە بەرازیل و ئەفریقا دەکڕین بەتایبەت لە ئۆغەندا دەکڕین کە باشترین جۆری قاوەیان هەیە. ئەمەش بە تەن دێتە تورکیا و لەوێدا لە شاری ئیستانبوڵ کارگەمان هەیە، کە بە ٢٠ تامی جۆراوجۆرەوە دەیهاڕین. جۆرەکانیش کە خواستی زۆریان لەسەر بریتیین لە (قاوەی تورکی، قاوەی دیبەک، قاوەی عوسمانی و قاوەی فستق و چەندین جۆری دیکە) کە زۆربەیان تێکەڵەن و لە تێکەڵکردنی ٧ جۆر یان ٨ جۆر قاوەوە بەرهەمدێن. جگە لەوانیش تامی تایبەتمان هەیە کە ئەویش (قاوەی بنیشت)ـە و تامیکی تایبەت و ناوازەی هەیە.

“ئامانجمان ئەوەیە، قاوەی قاوەچی تەنها لە هەولێر نەمێنێت، بەڵکو بۆ هەموو عێراق و تەنانەت هەناردەی درەوەی وڵاتیش بکرێت”

پلانتان هەیە لە دەرەوەی هەولێریش بەردەوامی بە پیشەی باو و باپیرانتان بدەن؟

بەڵی بە تەئکید، ئامانجمان ئەوەیە بتوانین لە دوارۆژدا بەرهەمەکانی قاوەی قاوەچی بۆ شەرەکانی دیکەی عێراق و تەنانەت بۆ دەرەوەی وڵاتیش بنێرین. سەرەڕای ئەوەش خواستمان هەیە لقی دیکە لە شاری هەولێر بکەینەوە و تەنانەت بیگوازینەوە شارەکانی دیکەی عێراق.

هەواڵ: حوسێن خەتیبئۆغڵو