ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیەندرا
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیەندرا

ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیەندرا

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیەندرا
0

لایک

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە 12/10/2022، وەزارەتی خوێندنی باڵا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی وەرگرتنی قوتابیانی لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیاند و ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی, “هەرچەندە ئەمساڵ ژمارەی دەرچووان کەمتر بوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیەک نەک پلانمان کەم نەکردووە، بەڵکو پلانمان زیادکردووە، لەو چوارچێوەیەشدا 63 هەزار و 219 کورسی خوێندمان بۆ ئەمساڵ تەرخانکردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو شەش هەزار و 415 کورسیمان زیادکردووە”.

وەزیری خوێندنی باڵا وتیشی، “368 پێشکەشکار داواکانیان بەهۆی هەڵەی پڕکردنەوەی فۆڕمەوە کێشەی بۆ دروستبووە، ئەوان دەتوانن فۆڕمی سکاڵا پێشکەش بکەن و جێگەیان بۆ دابین دەکەین”.

راشیگەیاند، “ئێستا 22 هەزار کورسی بە باتاڵ ماوەتەوە، بۆ ئەوەی کەس بە ناچاری نەچێت لە خوێندنی ئەهلی و پارالێل بخوێنێت، دەرفەتی خوێندنی بە خۆڕایی ئێستا زۆر لە بارترە لە ساڵانی رابردوو، ئەمەش بریتییە لە سوود وەرگرتن لە توانای زانکۆکانمان”.

ئارام محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، “پرۆسەی وەرگرتن لە ئەمساڵدا بە ئەولەویەت هەموو دەرفەتەکان بۆ دەرچوانی ئەمساڵ، ئەویش ئەو مەبدەیە کە پێی دەگوترێت دادپەروەری لە خوێندنی خۆڕایی، پارالێل و ئێواران، هەموو ئەوانەمان وەرگرتووە کە لە رێگەی زانکۆلاینەوە داواکاریان پێشکەشکردووە”.

د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، وتی، “ئەمساڵ کۆی دەرچووانی  پۆلی 12ی ئامادەیی 38 هەزار و 680 قوتابی بوو، 25 هەزار و 972 دەرچووی زانستی و 12 هەزار و 708 دەرچووی وێژەیی، پلانی وەزارەت دابینکردنی 63 هەزار و 219 کورسییە و شەش هەزار کورسی لە ساڵی رابردوو زیادیکردووە”.

روونیکردەوە، “کۆی پێشکەشکارانی زانکۆلاین 44 هەزار و 408 قوتابی بوون، 27 هەزار و 728یان هی ساڵی خوێندنی 2022 و 9 هەزار و 354یش هی ساڵی 2021 و 7 هەزار و 326 دەرچووی دیکەش هی ساڵانی رابردوو بوون، کۆی وەرگیراوان لەو ژمارەیە 41 هەزار و 253ـە، لەو ژمارەیە 27 هەزار و 360 لە دەرچووانی ئەمساڵن، کە دەکاتە %100ی دەرچووان”.

هاوکات ئارام ئیبراهیم، بەڕێوبەری ناوەندی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، “ئەمڕۆ لینکی زانکۆلاین و فۆڕمی پێشکەشکردنی سکاڵاکان کارا دەبێت”.