یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەڵێ، هیچ گرفتێک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە سبەیەوە حکوومەت ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ئەو داهاتە نێوخۆییەی کە پێویستە بیداتە بەغداد.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پرسی مووچە و پرسەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
رێباز حەملان ئاماژەی بە پرسی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان-عێراق کرد و ڕایگەیاند، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی پێشوو نێردراوەتە بەغداد و ”ئەوەی ماوەتەوە نووسراوێکە کە دەبێ وەزارەتی نەوتی عێراق [لەسەر بڕی هەناردەکراوی نەوتی هەرێمی کوردستان] بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بینێرێ.”
بەوتەی رێباز حەملان، لە سبەی یەکشەممەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان-عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی ئەو بڕە داهاتە ناوخۆییەی کە دەبێ بۆ ناردنی مووچە، بیخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
وەک یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هیچ کێشەیەک لە بەردەم ناردنی مووچەی مانگی نیساندا نییە، ”بەڵام مانگەکانی دیکە پێشبینی ناکرێ، چونکە دۆخی عێراق و ناوچەکە ئاڵۆز و نائارامە”.
پێشتر بەغداد و هەولێر(ئەربیل) لەسەر ناردنی ١٢٠ ملیار دینار وەک پشکی حکوومەتی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتبوون. رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، بڕە پارەکە بۆ مانگی چوار هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە ”بەڵام بێگومان عێراق داوای ١٢٠ ملیار دینارەکەی خۆی دەکات، هەرچەندە هەندێک لێکتێگەیشتن لەوبارەوە هەیە.”
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ”ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەیە، بەگشتی کاریگەری لەسەر جووڵەی بازرگانی لە عێراق و ناوچەکەدا هەبووە، بەغداش ئەوە دەزانێت و ئەو لێکتێگەیشتنە [لە نێوانماندا] هەیە.”
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانە، وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مەرجانەی هەیە: لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتی.
رۆژی ٩ـی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕایگەیاند: “پارەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ٩٥٧ ملیار و ١٢٢ ملیۆنە، گەیشتە سەر هەژماری بانکی ناوەندی” و یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و لە سێ ڕۆژ مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەشکرا.
”گرفتی ئەسیکۆدا چارەسەر کراوە”
رێباز حەملان باسی لەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی سیستمی گومرگیی ئەسیکۆدا کە ئاستەنگی زۆری بۆ بازرگانان دروست کردبوو، چەندین جار شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد و “ئەو بابەتانەمان یەکلایی کردووتەوە و کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە.”
ئەسیکۆدا سیستمێکە بۆ بەستنەوەی دەروازەکان و سنوور و کاروباری گومرگ. سیستمەکە کۆدێکی ١٤ ژمارەیی بێ هاوتایە، کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت