سێنتکۆم: سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

سێنتکۆم: سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

نیسان 24, 2026 15:50
سێنتکۆم: سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن
0

لایک

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای دوو دەیە، سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری وڵاتەکەی بە شێوەیەکی هاوکات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکەن. ئەم هێزە دەریایی و ئاسمانییە گەورەیە، کە زیاتر لە ١٥ هەزار سەرباز و ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی لەخۆدەگرێت، ئاستی ئامادەیی سەربازیی واشنتن لە ناوچەکەدا دەگەیەنێتە بەرزترین ئاست.

هەینی ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم، هەریەکە لە فڕۆکەهەڵگرەکانی “یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن” (CVN 72)، “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد” (CVN 78) و “یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش” (CVN 77) ئێستا لە سنووری فەرماندەیی ناوەندیدا جێگیر کراون. دواین جار کە ئەمریکا سێ فڕۆکەهەڵگری بەو شێوەیە لە ناوچەکەدا کۆکردبێتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣.

سێنتکۆم دەشڵێت: ئەم سێ گرووپە کەشتییە خاوەنی هێزێکی ئاگرینی بێوێنەن، کە وردەکارییەکانیان بەم شێوەیەیە:

هێزی ئاسمانی: زیاتر لە ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو، لەوانە فڕۆکەی جەنگیی (F/A-18 Super Hornet)، فڕۆکەی شەڕی ئەلیکترۆنی (EA-18G Growler) و فڕۆکەی نەبینراوی (F-35C Lightning II).

هێزی دەریایی: جگە لە فڕۆکەهەڵگرەکان، ١٢ کەشتیی جەنگیی تری جۆراوجۆر (تێکشکێنەر) هاوەڵیی گرووپەکان دەکەن، لەوانە کەشتییەکانی (USS Mason, USS Ross, USS Bainbridge) و چەندینی تر.

هێزی مرۆیی: زیاتر لە ١٥ هەزار هێزی دەریاوان و سەربازی هێزی مارێنز (Marines) لەناو ئەم کەشتییانەدا جێگیر کراون.

هاوکات ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی ئاگربەست نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیەندرا، واشنتن ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی بە ناوی رقی ئابووری لە بەرانبەر ئێران جێبەجێ دەکات، سێشەممە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردبووەوە و تێیدا ڕایگەیاندبوو، بڕیاری داوە وادەی ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ بکاتەوە و هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر تاران رابگرێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، درێژکردنەوەی ئاگربەست بە واتای کەمکردنەوەی فشارەکان نییە و “فەرمانم بە سوپاکەمان داوە بەردەوام بن لە گەمارۆی دەریایی و لە هەموو رووەکانی ترەوە لەوپەڕی ئامادەباشی و توانادا بمێننەوە.”

En az 10 karakter gerekli