فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی
فەرمیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو تۆمەتانە دەربڕی کە ئەم دواییە لە
دامەزراوە دادوەری و میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونەتەوە.
تۆمەتەکان باس لەوە دەکەن کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی سزادراون، لە هەرێمی
کوردستان و لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بە توندی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و جەختی کردەوە کە
هیچ بارەگا، ناوەندێکی مەشق یان چالاکیی هەواڵگریی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی
کوردستان بوونی نییە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەستنەوەی هەرێمی
کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دوورە لە ڕاستییەوە، و تەنیا
ناسەقامگیریی زیاتر بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە
فاکتەرێکی سەقامگیری و پێکەوەژیان بووە لە عێراق و ناوچەکەدا، و بەپێی
دەستووری عێراق پابەندە بە پرەنسیپی پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی. جەختیشی
کردەوە کە ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی
دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی هەرێم داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق
کرد کە بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی لە پاراستنی سەروەریی وڵات بگرێتە ئەستۆ و
ڕێگری لەو پێشێلکاریانە بکات کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێم. هاوکات داوا لە کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی کرا هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاشتی لە
ناوچەکەدا چڕ بکەنەوە.
لە کۆتاییدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای هەموو فشار و
قوربانییەکان، بەردەوام دەبێت لەسەر حوکمڕانییەکی بەرپرسیارانە و پاراستنی
هاووڵاتییانی خۆی، و پەرەپێدانی پەیوەندییە بیناکەرەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت