وەزیری کاری ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە

وەزیری کاری ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە

نیسان 21, 2026 14:04
وەزیری کاری ئەمریکا دەستی لەکار کێشایەوە
0

لایک

کۆشکی سپی بە فەرمی ڕایگەیاند، “لۆری چاڤیز-دێریمەر” وەزیری کاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای تێپەڕبوونی ١٣ مانگ لە وەرگرتنی پۆستەکەی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ جێدەهێڵێت. ئەم ڕۆیشتنە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا زنجیرەیەک فەزیحەی جیاواز ناوی ئەم وەزیرەیان زڕاندبوو.

ستیڤن چیۆنگ، وتەبێژی کۆشکی سپی لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاویکردەوە، کە چاڤیز-دێریمەر بە مەبەستی کارکردن لە کەرتی تایبەت پۆستەکەی بەجێدەهێڵێت. بەمەش ناوبراو دەبێتە سێیەمین ژن لە ماوەی شەش هەفتەدا کە کابینەکەی ترەمپ جێبهێڵێت، دوای دوورخستنەوەی “کریستی نۆیم” وەزیری ئاسایشی ناوخۆ و “بام بۆندی” وەزیری داد. بڕیاریشە “کیس سۆندەرلینگی” جێگری، بە شێوەیەکی کاتی ئەرکەکانی وەزارەتەکە بگرێتە ئەستۆ.

فەزیحەکان و هۆکاری دوورکەوتنەوەی:
هەرچەندە کۆشکی سپی ستایشی کارەکانی کردووە، بەڵام چەندین ڕاپۆرتی میدیایی ئاشکرایان کردووە کە هۆکاری سەرەکی ڕۆیشتنی بۆ ئەو تۆمەتانە دەگەڕێتەوە کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. بەگوێرەی ڕۆژنامەی “نیویۆرک پۆست”، لۆری چاڤیز-دێریمەر لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بەهۆی هەبوونی “پەیوەندییەکی نەشیاو” لەگەڵ یەکێک لە فەرمانبەرانی ژێر دەستی.

جگە لەوەش، تۆمەتبار کراوە بەوەی لە کاتی دەوامدا لەناو نووسینگەکەی خواردنەوە کحولییەکانی بەکارهێناوە، هەروەها تێوەگلاوە لە دۆسیەیەکی “فێڵکردن”، بەوەی گەشتە تایبەتەکانی خۆی و خێزان و هاوڕێکانی وەک “گەشتی فەرمی دەوڵەت” هەژمار کردووە و تێچووەکەی لەسەر حکوومەت بووە.

ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”یش ئاماژەی بەوە کردووە کە سێ سکاڵا لەلایەن فەرمانبەرانی وەزارەتەکەوە لەسەری تۆمارکراوە، بەوەی “ژینگەیەکی ژەهراوی” بۆ کارکردن دروست کردووە. مێردی وەزیرەکەش (شۆن دێریمەر) لە مانگی شوباتەوە قەدەغە کراوە بچێتە ناو بینای وەزارەت، دوای ئەوەی لەلایەن دوو فەرمانبەری ژنەوە تۆمەتبار کراوە بەوەی “دەستدرێژی سێکسی” کردووەتە سەریان.


لۆری چاڤیز-دێریمەر (٥٨ ساڵ)، پێشتر ئەندامی کۆنگرێس بووە لە ویلایەتی ئۆریگۆن و لە ئاداری ٢٠٢٥ دەستبەکار بوو. بە پێچەوانەی زۆربەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، ئەو وەک کەسێکی نزیک لە “سەندیکا کرێکارییەکان” دەناسرا. لە ماوەی وەزیربوویدا، وەزارەتەکەی گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆوە بینی و هەزاران فەرمانبەر بەهۆی سیاسەتە نوێیەکانی ئیدارەی ترەمپەوە لە کارەکانیان دوورخرانەوە یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کران.

En az 10 karakter gerekli