سەرۆکی پەرلەمان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دیاری کرد

سەرۆکی پەرلەمان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دیاری کرد

ئازار 30, 2026 13:10
سەرۆکی پەرلەمان وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری دیاری کرد
0

لایک

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند دۆسێیەکی چارەنووسساز، لە سەروو هەمووشیانەوە دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی.

​سەرۆکایەتی ئەنجومەن بڕیاریدا ڕۆژی شەممە، 11ـی نیسان دیاریبکرێت بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ. ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی درێژ لە داخرانی سیاسی و پەککەوتنی دامەزراوە دەستوورییەکان دێت.

​لە میانی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەوانە، تاوتوێکردنی ئەو یاسا گرنگانەی کە بڕیارە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بخرێنە بەرنامەی کارەوە، هەروەها هەنگاونان بۆ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجومەن بۆ ڕێکخستنەوەی کارە چاودێرییەکانی پەرلەمان.

​سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لە پێویستی تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردەوە و داوای لە سەرۆک فراکسیۆن و کوتلە سیاسییەکان کرد، ​”بەرپرسیارێتی مێژوویی و دەستووری خۆیان هەڵبگرن بۆ تەواوکردنی شایستەکان و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز، کە بتوانێت بەرەنگاری ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییانە ببێتەوە کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت”.

بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیای پارتی لە بەغداد ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لایەنەکانی ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامدا و تیایدا بڕیاریاندا بە فەرمی رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی مەسعود بارزانی دەرببڕن بۆ پێدانی دەرفەت بە لایەنەکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن.

هەروەها بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە: لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە ماوەی ١٠ رۆژ کات بدرێت بە لایەنە کوردی و شیعەکان تاوەکو کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار دەستنیشان بکەن، لەو ماوەیەشدا پرسی هەڵبژاردنی ئەو دوو پۆستە ناخرێتە ناو کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە.

En az 10 karakter gerekli