باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن

ئازار 26, 2026 16:47
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن
0

لایک

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوای لە سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، بە هیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەشی لەناو عێراقدان، دەستبەجێ وڵاتەکە جێبهێڵن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٦ـی ئاداری ٢٠٢٦، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، گەشت بۆ عێراق مەکەن و دەستبەجێ خاكەکەی جێبهێڵن، باڵیۆزخانەکە هۆکاری ئەم بڕیارە کتوپڕەی بۆ زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەکان و هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران گەڕاندەوە، کە هاووڵاتیانی ئەمریکی و بەرژەوەندییەکانی واشنتنیان لە سەرتاسەری عێراق کردووەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو گرووپانە هێرشیان کردووەتە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانە بازرگانییەکان و ئەو هۆتێلانەی بیانییەکانیان تێدایە، هەروەها هۆشداری لە ئەگەری رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمریکی دراوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە فەرمانی چۆڵکردن دەرچووە، بەڵام نێردە دیپلۆماسییەکانیان بۆ کاری بەپەلە و هاوکاری هاووڵاتیانیان لە عێراق دەمێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، هۆشدارییان داوە کە هیچ کەس سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغداد نەکات، بەهۆی مەترسی بەردەوامی موشەک و درۆن.

بەهۆی داخرانی ئاسمانی عێراق و نەبوونی گەشتی ئاسمانی بازرگانی، باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانی (ئوردن، کوەیت، سعوودیە و تورکیا) وڵاتەکە جێبهێڵن.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، تەواوی خزمەتگوزارییە ئاساییەکان وەک پێدانی ڤیزا راگیراون و داوای لە هاووڵاتیانی کردووە:
١-  دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن.
٢-  دووربکەونەوە لە هەر گردبوونەوە و خۆپیشاندانێک.
٣-  خواردن، ئاو و دەرمانی پێویست بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کۆبکەنەوە.
٤-  پابەندی رێنماییە ئەمنییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بن.

En az 10 karakter gerekli