وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، سەرکۆنە و ئیدانەی توندی ئەو هێرشانە دەکەین کە نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان لە بەغداد و هەرێمی کوردستان-عێراق دەکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ی ئاداری ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوە سەرکۆنە و ئیدانەی توندی ئەو هێرشانە دەکات کە نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان لە بەغداد و هەرێمی کوردستان-عێراق دەکەنە ئامانج، و ئەم جۆرە کارانە بە کردەوەی شەرمەزارکراو دادەنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەت جارێکی دیکە هەڵوێستی نەگۆڕی کۆماری عێراق دووپات دەکاتەوە لە ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان. هەروەها جەخت دەکاتەوە لە پەرۆشی وڵات بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواو بۆیان، بەجۆرێک کە بەردەوامیی کارەکانیان و ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە ژینگەیەکی ئارامدا مسۆگەر بکات، ئەمەش هاوتەریب بێت لەگەڵ پابەندییە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
وەزارەت جەخت لەوە دەکاتەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق پەرۆشی بەدواداچوونی هەر ڕووداوێکن کە ڕووبەڕووی نێردەکان دەبێتەوە و ڕێکاری یاسایی پێویست دژی تێوەگلاوان دەگرنە بەر. ئەمەش بە ئامانجی مسۆگەرکردنی پاراستنی نێردە دیپلۆماسی و کونسوڵخانەکان، پاراستنی ئاسایشیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، بەو شێوەیەی کە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی خوشک و دۆست دەپارێزێت.