حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کە ناویان تۆمارکردووە

حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کە ناویان تۆمارکردووە

تشرینی یه‌كه‌م 5, 2025 17:48
حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی کە ناویان تۆمارکردووە
0

لایک

دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی ناونووسینی حاجیان ئێستا حەج و عومرەی هەرێم دەستیان کردووە بە وردبینیکردن لە داواکارییەکان و تاوەکو ئێستاشەش هەزار و ٥٥٦ کەس نامەیان بۆ چووە و ئاگادار کراونەتەوە کە پێویستە زانیارییەکانیان راست بکەنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، رۆژی پێنجی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەرچەندە نامەیان ناردووە بۆ ئەو کەسانە زانیارییەکان راستبکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو پێویست خەڵک نامەکانیان نەکردووتەوە و زانیارییەکانیان راست نەکردووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا بەرێوەبەرایەتیەکە داوا لەو کەسانە دەکەن کە نامەیان پێگەیشتووە بەرێگەی نامەی مۆبایل یان وەتسئاپ یان ڤایبەر بە زووترین کات زانیارییەکانیان دروست بکەن و کەموکوڕی فۆرمەکانیان راست بکەنەوە چونکە ئەگەر بەم شێوەیە بمێننەوە ئەوا مافی بەشداریکردنیان لە تیروپشکی ناوی حاجیانیان نابێت.

ئەوەشیان روونکردووەتەوە، لە ئێستادا خەریکی پرۆسەی وردبینکردنی ناوی حاجیان و لە کۆی ٥٩ هەزار و ٣٨٩ فۆرم ٤٦ هەزار ٥٠٧ فۆرم بە تەواوی وردبیینیان بۆ کردووە و ئامادەن بۆ تیروپشک و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەی وردبینیکردنی فۆرمەکان بە کۆتایی دێت و دواتریش قوناغی بەراورد کاری ناوی حاجیان دەستپێدەکات.

دەشڵێت، هەر کەسێک پێشووتر وەکو هاوڵاتی حەجی کردبێت ئەوا مافی نابێت جارێکی دیکە حەج بکات و دەرفەتەکە بۆ هاوڵاتیانی دیکە دەبێت کە تاوەکو ئێستا حەجیان نەکردووە ئەمەش لەسەر بنەمای یەکسانی و پەیرەوکردنی دادپەروەری لە نێوان هەموو هاوڵاتیانی هەرێم بەبێ جیاوازی و بە ئەگەری زۆرەوە لەم مانگەدا تیروپشکی ناوی حاجیان ئەنجام دەدرێت.

En az 10 karakter gerekli