حەج و عومرە: زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمار کردووە

حەج و عومرە: زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمار کردووە

ئه‌یلول 11, 2025 12:56
حەج و عومرە: زیاتر لە ٦٨ هەزار کەس ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمار کردووە
0

لایک

ناونووسین بە شێوەی دیجیتاڵی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان-عێراق بەردەوامە و تا ئێستا ٦٨ هەزار و ٤٠٠ کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕاگەیاند، پرۆسەی ناونووسین بۆ حەج بەردەوامە و تا ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥، درێژەی دەبێت. بە وتەی خۆی، تا ئەمڕۆ ٦٨ هەزار و ٤٠٠ کەس بە بێ بەرانبەر ناوی خۆیان تۆمار کردووە و ڕۆژانەش داواکارییەکان زیاد دەبێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەش دا، دوای پرۆسەی ناونووسین و پاش چەند ڕۆژێک لە پشکنینی ناوەکان لە ڕێگەی دەروازەی حەجەوە، کە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق و فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری سەرپەرشتیی دەکەن، تیروپشک بۆ ناوی حاجیانی ساڵی ٢٠٢٦ دەکرێت.

وتەبێژەکە داوای لە هاووڵاتییان کرد، پشکنین بۆ ناوەکانیان بکەن لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە یان لە ڕێگەی هەژماری دیجیتاڵیی خۆیانەوە بچنە ناو سیستەمەکە. هۆشداریشی دا، تا ئێستا زیاتر لە ٧٧٨٩ داواکاری لە خانەی پاشەکەوتکردن ماونەتەوە، کە پێویستە پێشکەش بکرێن. ئەگەر لەو خانەیە بمێننەوە، ئەوا ئەوە دەسەلمێنێت کە داواکارییەکانیان پێشکەش نەکردووە.

ستوونی ئاشکرای کرد، لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و لە خانەی پاشەکەوتکردن ماونەتەوە، بە ڕێگەی مۆبایل یان هەژماری دیجیتاڵی ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان تەواو بکەن و پێشکەشی بکەن.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری بەبێ گوێدانە ماندووبوون و بە شەو و ڕۆژ لەگەڵیان لەسەر هێڵن تاوەکوو پرۆسەی ناونووسین و پشکنین بەم شێوەیە باشە بەڕێوەچووە. هەروەها دووپاتیکردەوە “کاری فەرمانگەکە جێگەی شانازییە، چونکە سیستەمەکە زۆر پێشکەوتووە و بە دەست و بازووی شارەزایانی فەرمانگەکە دروستکراوە، بە زمانی کوردی (شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی)، عەرەبی و ئینگلیزی بەردەستە.”

En az 10 karakter gerekli