دادگاى فیدراڵى عێراق سێ سکاڵاى تایبەت بە هەرێمى کوردستان-عێراق رەتکردەوە کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتبوون بە مووچەى مووچەخۆران و سکاڵاى سێیەمیش لە دژى پرۆژەى رووناکى بوو.
ماڵپەڕى فەرمی دادگاى باڵاى فیدراڵی بڵاویکردووەتەوە، هەرسێ سکاڵاکەیان لەبارەى مووچە و پرۆژەى رووناکی رەتکردووەتەوە، چونکە لە تایبەتمەندی دادگاکەیان نییە.
سکاڵای یەکەم لەلایەن سێ مووچەخۆرەوە دژی سەرۆک وەزیران و وەزیرى دارایی عێراق تۆمارکرابوو، داواکرابوو، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ناکۆکییە سیاسییەکان و خەرجی کرداری دووربخرێتەوە.
سکاڵای دووەم لەلایەن دوو مووچەخۆرەوە دژی وەزیرى دارایی عێراق تۆمارکراوە و داوای گرەنتیکردنی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێم بەشێوەیەکی مانگانە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا دوور لە ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر (ئەربیل)کرا، هەروەها داوای دەرکردنی فەرمانێکی سالاری بۆ خەرجکردنی مووچە بەبێ دواکەوتن کرابوو.
سکاڵای سێیەمیش لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، دژی پرۆژەی رووناکی و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بوو.