جگە لە وشکەساڵی، خۆڵبارینیش کاریگەری کردووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵ

جگە لە وشکەساڵی، خۆڵبارینیش کاریگەری کردووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵ

حوزه‌یران 4, 2025 21:33
جگە لە وشکەساڵی، خۆڵبارینیش کاریگەری کردووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵ
0

لایک

ئەو زریانی خۆڵبارینانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لە هەولێر (ئەربیل) ڕوویانداوە، کێشەی جددی لە ناوچە کشتوکاڵییەکان دروستکردووە. ئەو ڕاستییەی کە ڕێژەی بارانبارین بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٥ زۆر لە خوار ئاستی وەرزییەوە ماوەتەوە، وایکردووە جووتیاران ڕووبەڕووی هەردوو کێشەی وشکەساڵی و کاریگەرییە توندەکانی خۆڵبارین ببنەوە. لە کاتێکدا کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان بە تایبەتی لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا هەبوو، تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا هیچ بەرهەمێک بەدەست نەهێنرا.

فشارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە ماوەیەکی زۆرە لە ناوچەکەدا بەردەوامە، ڕۆژ بەدوای ڕۆژ بەرهەمی کشتوکاڵی قورستر دەکات. کەمی بارانبارین و لەدەستدانی شێ و گیرانی تیشکی خۆر لەلایەن چینە تۆزەکەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەم لە زۆرێک لە بەرهەمەکاندا. شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە پشتیوانی کشتوکاڵی ناوچەیی زیاد بکرێت بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە کۆنترۆڵ بکرێت. بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر (ئەربیل) بە مەبەستی هاندانی بەرهەمی ناوخۆ، سنووردارکردنی کاتی بۆ هاتنە ناوەوەی بەرهەمی هاوردە داناوە.

زیادبوونی خۆڵبارین لە ساڵانی ڕابردوودا نەک تەنها کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی گشتی بەڵکو لەسەر یەکێک لە کەرتە هەرە گرنگ ئەم ناوچەیە هەیە. ئەوەش بێگومان کەرتی کشتوکاڵییە. هەر بەم هۆیەوە وەک هەفتەنامەی تەبا پێداچوونەوەیەک دەربارەی زیانەکانی خۆڵبارینمان لەسەر کەرتی کشتوکاڵیمان ئەنجامدا و هێمن سەید موڕاد، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر (ئەربیل) وەڵامی پرسیارەکانی تەبا-ی داوە.

ئەمساڵ خۆڵبارینێکی زۆر ڕووی لە هەرێم کرد کاریگەرییەکانی ئەمە چۆنبوو لەسەر کەرتی کشتوکاڵی؟

بێگومان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا ئەو پێشهاتانەی کە لەم دواییانە دروست بووە، خۆڵبارینە. کاتێک کە ڕێژەیی بارین کەم دەبێتەوە ئەو دەرهاوێشتنانەی دەبێت، ئەمە کاریگەری زۆر نەرێنی دەبێت بۆ بەرهەمەکان.

ئەم خۆڵبارینە کاریگەری زیاتر لەسەر کام بەرهەمدا هەیە؟

ئەم خۆڵبارینە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری هەبوو لەسەر کشتوکاڵ، کەرتی سامانی ئاژەڵی و ڕووەکی بەتایبەتی. بەدڵنیاییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی پەلەوەر و پرۆژەکانی بەخێوکردنی گۆلک. هەموو ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە دەبێت کاتێک ژینگەکەت لە بارێکی گونجاو نییە. گەشەسەندن و بەرهەمهێنانیش دەوەستێ یاخود کەم دەبێتەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا دەرهاوێشتەکان و فیدباکەکانمان وەکو پێویست بۆ نەگەڕاوەتەوە.

بە گوێرەیی ساڵانی ڕابردوو ئەم ساڵ لە ڕووی کشتوکاڵییەوە هەولێر (ئەربیل) چۆنبووە؟

ئەم ساڵ کە ڕێژەی دابارین کەم بوو بەرهەمهێنانیش هاوتەریب لەگەڵی کەم بووەوە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان بەبەراورد لەگەڵ پار ساڵ تاوەکو ئێستا، ئێمە تازە لە وەرزی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەیین بۆیە ناتوانین بە ڕاشکەوەیی ژمارەک بخەینەڕوو. بەڵام ئەگەر پار ساڵ بەراورد بکەین، ساڵێکی زێڕین بوو بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە هەموو بەرهەمەکان چونکە بەرهەمهێنان گەیشتە لوتکە. لە دانەوێڵە لە ئاستێکی زۆر بەرز دابووین لە بابەتی سەوزەش ئێمە بەرهەممان یەکجار زۆر بوو، لە میوەش زۆر زیاتر بوو لەوەی کە پێویستمان بوو. کەرتی کشتوکاڵی پێویستی بەوە هەیە کە کار ئاسانی بۆ بکرێت تاوەکو دەرفەتی بۆ بازاڕکردن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ برەخسێت تاوەکو ببێتە بنەماییەک بۆ پشتگیریی ئەو کەرتە.

ئێمە تاوەکو ئێستا لەسەرەتایی وەرزی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوەیینە، بڕیارەکانمان گشتگیر کردووە و سنوورەکانمان کۆنترۆڵ کردووە، ڕێگە نادەین بەرهەم هاوردە بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق. ئەمە بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆ و جوتیارانە، بۆیە ئێستا ناتوانین هەڵسەنگاندنێکی ڕاست و دروست بکەین لەم مانگە.

کاریگەریی ڕێژەیی باران بارین بۆ ئەمساڵ چۆنە لەسەر کەرتی کشوکاڵی؟  

گەر ئەم ساڵ بەراورد بکەین لەگەڵ پار ساڵ ڕێژەیی دابارین یەکجار زۆر کەمە، تا ئێستا بە ڕێژەی ١٨٠ملم باران باریووە. پارساڵ بە ڕێژەی ٥٨٠ ملم باران باریبوو. بارینی ئەم ساڵ لەگەڵ پار دەتوانین بڵێین ١/٤ ـی پار ساڵە و ڕێژەکەی یەکجار زۆر کەمە. بۆیە حاڵەتی ئەو دەرهاوێشتنانەی هەبووە کەوا دەبینین زیادبوونی تۆز و خۆڵ و کەم بوونەوەیی بەرهەم بەشێک لە زەوییە دێمیەکان ئەم ساڵ هەر بێ بەرهەم بوون و بەرهەمیان نەبووە. سەرەڕای ئەوەی جوتیارەکان زەوییەکانیان کێڵابوو و خەرجیان لێکردبوو، بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی ئاوی و کێشەکانی کەشوهەوا ئەم ساڵ بەرهەمیان نەبوو. بە شێوەیەکی گشتی ئەم ساڵ ئەو کاریگەرییانەی خۆڵبارین و وشکەساڵی بار قورسییەکی زۆر لەسەر جوتیاران دروست کردووە.

باشە ڕێگە چارەیەک هەیە بۆ ئەم حاڵەتە؟

ڕەنگە ئەم چارەسەرە تەنها بە حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق نەکرێت. زۆر جار پێشنیاری ئەوە دەکرێت کە پشتێنی  سەوز دروست بکرێت و هەندێک رێکار ڕەچاو بکرێت بۆ ئەوەیی ئەم حاڵەتانە لە خۆمان بە دوور بگرین، بەڵام سەرچاوەیی تۆز و خۆڵەکە لە هەرێمی کوردستان-عێراق سەرچاوەی نەگرتووە. بەڵکو لە بیابانەکانی عێراقەوە دێت کەوا حکومەتی عێراق هیچ پلانێکی نییە بۆ پاراستنی ژینگە.

هەواڵ: نورخان کەرخی – ئەمیر دەمیرجی

وێنە: فەلاح حەسەن

En az 10 karakter gerekli