ئەحمەد شه‌رع لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا كۆبووەوە

ئەحمەد شه‌رع لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا كۆبووەوە

ئایار 25, 2025 09:44
ئەحمەد شه‌رع لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا كۆبووەوە
0

لایک

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەحمەد شه‌رع، سەرۆک کۆماری سووریا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە دیمەشق لە ئیستانبوڵ بڵاوکردەوە و دەڵێت: هەردوولا جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی رێککەوتنی گشتگیر لەگەڵ هەسەدە کردەوە.

سەرۆکایەتی کۆماری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگه‌یاندووه‌، شەرع لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ باراک کۆبونەتەوە، “لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی نوێی سووریا بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ئەمریکا”.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، له‌کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر، “تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بابەتی گرنگ، دیارترینیان بەدواداچوون بو بۆ جێبەجێکردنی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا کە بەسەر سووریادا سەپێنراوە”.

شه‌رع جەختی لەوەکردەوە کە سزاکان بەردەوامن و بارگرانییەکی قورس بەسەر گەلی سووریادا سه‌پێنراوه‌ و ڕێگری لە هەوڵەکانی بوژانەوەی ئابووری دەکەن.
واشنتن پێشتر دەستی بە پڕۆسەی سوککردنی سزاکان کردووە

نوێنەری واشنتن ئاماژەی بەوەداوه‌، وڵاتەکەی پێشتر دەستی بە پڕۆسەی سوککردنی سزاکان کردووە، ئەوەش وەک جێبەجێکردنی بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و “پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی هەڵگرتنی سزاکان بەتەواوی و هەمەلایەنە بەدەست دێت”.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەردولا باسیان لە ڕێگاکانی پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنانی بیانی لە سووریا بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ژێرخانی وڵات کردووە، لایەنی سووری ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دابینکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەران و بەشداریکردن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە، هاوکات مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر و ئاسایش.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە “رێگاکانی هاوکاری ئەمنی هاوبەش کرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکە، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، جەختیان لەسەر پێویستی “جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کردەوە، دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەروەری حکومەتی سووریا بەسەر هەموو خاکی سووریادا، هاوکات بەدواداچوون بۆ میکانیزمەکانی تێکەڵکردنی ئەو هێزانە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا”.

En az 10 karakter gerekli