ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی دووەم دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان-عێراق راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە “دوای قۆناخی سەرژمێری له 2024-11-22، بۆ ماوهى چهندين رۆژ كارهكان بهردهوام دهبن؛ ديسان سهردانى خێزانهكان دهكرێتهوه بۆ تۆماركردنى زانيارييهكانى پرسيارنامهى سهرژمێرى و دواى سهردانیکردنی گشت خێزانهكان، كارى مهيدانیی سهرژمێرى كۆتايى دێت.”
دەستەی ئاماری هەرێم دەڵێت، “دوای کاتژمێر 12:00ـی شەوی 21ـی ئەم مانگە، لە پرۆسەی سەرژمێریدا هیچ خێزانێک تۆمار ناکرێت.”
گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانی لە سەرژمێریی هەرێم بە میدیای پارتی وت، “ئەو خێزانانەی ناویان لە پرۆسەی سەرژمێریدا تۆمارکراوە، سێ جار سەردانیان دەکرێت.”
گوهدار عەلی هەروەها دەڵێت، “سبەی یەکشەممە قۆناخی یەکەمی سەرژمێری دەستپێدەکات کە 17 بۆ 19ی ئەم مانگەیە. قۆناخی دووەم لە 20 بۆ 21 مانگ دەبێت، هەر خێزانێک لە قۆناخی دووەمدا ناوی تۆمار نەکرابێت، دوای ئەوە ناتوانێت ناوەکەی تۆمار بکات.”
گوهدار محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، “قۆناخی سێیەم و کۆتایی لەدوای 22ـی تشرینی دووەم دەستپێدەکات، تەنیا ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە ناویان لە پرۆسەی سەرژمێری تۆمارکراوە، ئەگەری هەیە 15-12-2024، قۆناخی سێیەم کۆتایی بێت.”
ئەمڕۆ مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان-عێراق وتی، “سبەی نزیکەی 30 هەزار کارمەند لە سەرانسەری هەرێم، پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی خێزان دەستپێدەکەن و هەر یەکێکیان سەردانی 100 بۆ 120 خێزان دەکات.”
ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەستیپێکرد و تاوەکو 1ـی تشرینی دووەم بەردەوام بوو. لە هەرێمیش لە 01-10-2024ـەوە دەستیپێکرد.