وتیشی “لەمەودوا هەر کەسێک چەک یان پارچە چەکێکی پێبێت، سزای یاسایی دەدرێت و بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەک لە خۆمانەوە دەستپێدەکەین”.
ئەمڕۆ دووشەممە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان (پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش) لەبارەی چەکی بێمۆڵەت کۆبووەوە.
هێمن میرانی، لەبارەی کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، “کۆبوونەوەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای چەک-ژمارەی دووی ساڵی 2022بوو، ئێستا ماوەی تۆمارکردنی چەک لەلایەن هاووڵاتییانەوە تێپەڕیوە و ئەو قۆناخە کۆتاییهاتووە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردنی یاساکەداین”.
وتیشی “بۆ جێبەجێکردنی یاساکە لە دامەزراوە ئەمنیەکانەوە دەستپێدەکەین، کاروبارەکانیان رێکدەخەین، کاتێک لە ئەرک دەگەڕێنەوە چۆن خۆیان بە مەفرەزەکان بناسێنن و هەڵگرتنی چەک رێکبخرێت و چیدی کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لەدوای دەوام، چەک هەڵنەگرن و لە جبەخانەکان جێیبهێڵن. لەو شوێنانەشی کە جبەخانە دروستنەکراوە، دەبێ بە پسوولەی تایبەت بگەڕێنەوە و بە ناسنامە خۆیان بناسێنن. هەرکەسێک چەکی بێ مۆڵەتی لێبگیرێت، بەپێی مادەی 15 لە یاسای چەک، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.