سەرۆکوەزیرانی عێراق دەچێتە نەخۆشخانەی فێرکاریی کازمییە لە بەغداد و دەڵێت: تەنانەت ساخیش بێتە ئێرە نەخۆش دەکەوێت.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شاری بەغداد لەپڕ سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی کازمییە دەکات. لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت سوودانی لە دۆخی نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییەکانی رازی نییە و قسە بۆ ژمارەیەک پزیشک دەکات و دەڵێت: تەنانەت ساخیش بێتە ئێرە نەخۆش دەکەوێت.
یەکێک لە پزیشکەکان بە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، “خودا سەرکەوتووتان بکات”، سوودانیش بە نیگەرانی و توڕەییەوە دەڵێ، “خودا سەرکەوتوومان نەکات لەسەر ئەم خزمەتگوزارییە”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بڕیاریداوە، ئەو پزیشک و کارمەندانەی نەهاتوونەتە دەوام و ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن سزا بدرێن و لێپرسینەوەش لەگەڵ کەمتەرخەمکاران بکرێت.