لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکانی عێراق کە لە بەغداد بەرێوەچوو، جەخت لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ـی ئاداری ٢٠٢٦، کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە کۆشکی بەغداد بە ئامادەبوونی عەبدولەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆککۆمار، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەڕێوەچوو.
لەم دیدارەدا پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ دوایین پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی و سیاسی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کرا و باس لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی ئەو ئاڵۆزییانە لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق کرا. بەشداربووانی کۆبوونەوەکە تاوتوێی ئەو میكانیزمانەیان کرد کە حکومەت پەیڕەوی دەکات بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ململانێ دەرەکییەکان، هاوکات جەختیان لە پشتیوانیکردنی ڕێوشوێنەکانی حکومەت بۆ سەپاندنی ئاسایش، پاراستنی سەروەری و پابەندبوون بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کردەوە.
سەرۆکایەتییەکان دووپاتیان کردەوە کە عێراق ڕۆڵێکی ناوەندی و هاوسەنگی هەیە لە چەسپاندنی ئارامی ناوچەکەدا، هەروەها هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتیان ڕاگەیاند لە ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. لە هەمان کاتدا، کۆبوونەوەکە هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆ سەر شار و پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان-عێراق ڕەتکردەوە و بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی لەقەڵەم دا.
ئامادەبووان داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا کرد و هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان دا کە بەپەلە بجوڵێت بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ، و جەختیان کردەوە کە بژاردەی دیپلۆماسی و گفتوگۆ باشترین ڕێگەیە بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ململانێکان.
لەسەر ئاستی ناوخۆ، جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان و بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی ئێستا و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی حکومەت لە باشترکردنی بژێوی و خزمەتگوزارییەکان. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان هۆشدارییان دا لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و دەنگۆ لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چونکە ئەمە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەبینرێت و بڕیاردرا بەپێی ڕێوشوێنە یاسایی و دادوەرییەکان لێپرسینەوە لەگەڵ بڵاوکراوەکانی ئەو دەنگۆیانەدا بکرێت.