فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سوپاسی ئێرانی کرد بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی تانکەرە نەوتەکانی عێراق بە ناو هورمزدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە کە “فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد”، و تیایدا “سوپاسی خۆی دەربڕی بۆ ڕێگەدان بە تێپەڕبوونی ئەو تانکەرانەی نەوتی عێراق لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازنەوە”، ئاماژەی بە “گرنگی بەردەوامبوونی ئەم هاوکارییە لە داهاتوویەکی نزیکدا” کرد.
لە دیدارەکەدا “تاوتوێی میکانیزمەکانی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کرا بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم پابەندییە بەو شێوەیەی خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەکات، هەروەها دیدارەکە باسی لە بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی کرد”.
حوسێن جەختی کردەوە کە “سیاسەتی نەگۆڕی عێراق لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی جەنگ و پێویستی کۆتاییهێنان بە جەنگە”، و جەختی لەسەر “گرنگی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانی ئاشتیانە” کردەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە “ناوچەکە پێویستی بە گرتنەبەری ڕێبازێک هەیە کە لەسەر بنەمای گفتوگۆی کراوە و عەقڵانی بێت، بە شێوەیەک کە دەرفەتەکانی هاوکاری لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەکە بەهێز بکات و سەقامگیری هاوبەش بەدی بهێنێت”.
لە لایەن خۆیەوە، باڵیۆزی ئێران “هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەبارەت بە پێشهاتە ئەخیرەکانی پەیوەست بە جەنگ” خستە ڕوو.