نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مەسرور بارزانی پێشوازیی کردووە لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق،.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سوید.
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە رێکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی کردووە، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە رێز لە رێککەوتننەکانی نێوان ھەردوولادا بگیرێت، هەروەها پێویستە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خراونەتە بەرباس و لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت .
لای خۆیەوە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق، ئاماژەی بەوەداوە. سەرەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، بەڵام پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تاوتوێکراوە.