محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه رێنمایی نوێی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌ركرد و رایگه‌یاند، پێویسته هه‌ماهه‌نگیه‌كی به‌رز له نێوان ده‌سه‌ڵاتداران هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا به‌ره‌و پێش بچن.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د شیاع سوودانی پێشوازی له زیاد جه‌نابی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، عه‌ممار سوبحی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی، محه‌مه‌د ئه‌للامی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و دادوه‌ر زیا جه‌عفه‌ر جێگری سه‌رۆكی دادگای دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی به‌شی كه‌رخ كه تایبه‌تمه‌نده به به‌دواداچوون بۆ دۆسیه‌كانی ده‌ستپاكی، دادوه‌ر ئه‌یاد موحسن جێگر سه‌رۆكی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی به‌شی ره‌سافه، به ئاماده‌بوونی موئه‌یه‌د ساعدی ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی.
له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و هه‌نگاوانه كرا كه له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی دارایی و كارگێڕیدا گیراونه‌ته‌به‌ر، هه‌روه‌ها ئاستی پێشكه‌وتنی شایه‌تحاڵی له‌م دۆسێیه‌دا له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و به‌رنامه و ڕێكارانه‌ی كه حكومه‌ت وه‌ك به‌شێك له ئامانجه‌كانی په‌سه‌ندی كردون.
سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختیكرده‌وه، “دۆسیه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تدا پێویستی به هه‌ماهه‌نگی و یه‌كخستنی به‌رده‌وامی كاركردن هه‌یه له نێوان ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێكردن و یاسادانان و دادوه‌رییه‌كان”، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه “ده‌رئه‌نجامه‌كانی كاری ده‌زگاكانی ڕێكخستنی ئه‌و زانیاریانه‌ن كه دادگاكان له‌سه‌ریان كارده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش گرنگی یه‌كخستنی ڕۆڵ و كارایی، گه‌یشتن به بنه‌مای لێپرسینه‌وه و ڕێگریكردن له ده‌ربازبوون له گه‌نده‌ڵكاران له سزادان پشتڕاست ده‌كاته‌وه”.