تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی لە هەرێم دەستیپێكرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی لە هەرێم دەستیپێكرد

تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی لە هەرێم دەستیپێكرد

حوزه‌یران 23, 2024 08:54
تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی لە هەرێم دەستیپێكرد
0

لایک

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، لەمساڵدا 122 هەزار خوێندکار دەتوانن بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بکەن، بەرێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش هاوکارمانن لە بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی گزیکردن، لە دوو ساڵی رابردوو دەیان باندی گزیکردن هەڵوەشێنراونەتەوە و 100 کەس دەستگیرکراون. 

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 122 هەزار و 52 خوێدنکار مافی بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی هەیە و لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون بەسەر دوو هەزار و 115 هۆلێ تاقیکردنەوە.

ئالان حەمە سەعدی ئاماژەی بەوەشکرد، بەرێوەبەرایەتییەکانی ئاسایش هاوکارێکی باشی وەزارەتی پەروەردە بوون بۆ رێگریکردن لە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە پێداویستییەکانی گزیکردن و رێگریکردن لە فریودانی خوێندکاران، پێش ئەوەی تاقیکردنەوەکان دەستپێبکات رێکارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە گرتوەتە بەر و لە ئێستاشدا لە چاودێریکردن بەردەوامن.

ئەوەشی خستەڕوو، پرسیاری تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە کاتەکانی بەرەبەیان دەگاتە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە کاتی دیاریکراو، بۆیە تا ئاستێکی باش رێگری لە بڵاوبوونەوەی پرسیارەکان کراو پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوە.

وەزیری پەروەردە باسی لەوەشکرد، دەیان باندی گزیکردن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە هەڵوەشێنراونەتەوە و ئەو باندانە لە زیاتر لە 100 کەس پێکهاتوون و لە ئێستادا دەستگیرکراون، هەندێک لە ئەندامانی باندەکە سزای سێ ساڵ زیندانی بۆ دەرچووە.

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر یاوەری وەزیری پەروەردەی کرد و لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، بێگومان ئەمساڵ ساڵێکی سەخت بوو بۆ مامۆستایان، هەروەها سوپاسی مامۆستایانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین کە نەیان هێشت ناوەندەکانی خوێندن پەکی بکەوێت، هەروەها وەزیری پەروەردە، لە چوارچێوەی پلانەکانی وەزارەت و لەم دۆخە سەختەدا کەموکوڕییەکانی خوێندن چارە دەکات.

ئومێد خۆشناو باسی لەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر، 39 هەزار و 539 قوتابی پۆلی 12 بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن، هەروەها بەسەر 681 هۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەش بوونە، وتیشی: لە مانگی ئادارەوە هەموو زەمینە سازییەکمان کردووە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ قوتابیان دابین بکەین. هەروەها بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئامێری فێنککەرەوە و کارەبای بەردەوام و ئاومان بۆ قوتابیان دابین کردووە.

En az 10 karakter gerekli