دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی سێشەممە لەبارەی سکاڵایەکەوە دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کۆدەببێتەوە.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 1ـی ئابی 2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی تایبەت بە بڕیاری لێبڕینی رێژەی 21٪ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێشتر لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە گیرایەبەر، کۆببێتەوە.
سکاڵاکە لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێکی کورد لەپەرلەمانی عێراق تۆمارکراوە و سکاڵاکاران، داوایان لە دادگەی فیدراڵیی عێراق کردووە بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵبووەشێنێتەوە، کە لە 21-6-2020 دەرچوو و تایبەت بوو بە لێبڕینی 21٪ـی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان، هەروەها پارە پاشکەوتکراوەکانیش بگەرێندرێنەوە بۆ مووچەخۆران.