بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پڕۆژەی کامێرای چاودێریی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ دەکەوێتە کار و هەفتەی یەکەم وەکو تێست تیژڕۆیی تۆمار دەکەن، بەڵام شۆفێران سزا نادرێن. دەشڵێت، لە 29ـی ئایارەوە سەرپێچیکاران سزا دەدرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-05-2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ئەمڕۆوە 24 کامێرا لە رێگەی نێوان تاسڵوجە – دووکان تاوەکو 28ـی ئایاری 2023، دەکەونە کار و تیژڕۆیی تۆمار دەکەن، بەڵام شۆفێرانی سەرپێچیکار سزا نادرێن.
هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت، لە رۆژی دووشەممە، 29ـی ئایاری 2023ـەوە لە کاژێر 0800ـی بەیانی کامێراکان تیژڕۆیی تۆمار دەکەن و شۆفێرانی سەرپێچیکار سزای دارایی دەدرێن. وەکو هاتووچۆی سلێمانی باسی کردووە، سزاکان بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (79)ـی ساڵی 2016 دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە و دەشڵێت، “داواکارین پابەند بن بە مەبەستی پاراستنی خۆتان و بەکارهێنەرانی دیکەی شەقام و دوورکەوتنەوە لە سزای دارایی.”