رۆژی چوارشەممە، رێكەوتی 20-11-2024، هێمن میرانی، ئەندامی ژووری ئۆپۆراسیۆنی سەرژمێریی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان-عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند، ژوورەکە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێریی؛ “پشووی فەرمانبەرانی هەموو دامودەزگاکان و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ تاوەکوو 10ی کانوونی یەکەم درێژ دەکاتەوە بۆ ئەوانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچەکانی ماددەی 140) بۆ ئەوەی فۆرمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتوچۆ پڕ بکرێتەوە”.
میرانی وتیشی: “لە دوای تەواوکردنی فۆرمی یەکەم کە لە چوارشەممە و پێنجشەممە پشتڕاست کرایە، قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات کە زانیاری زیاترە و پێویستە لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانیان لا بێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕ بکەنەوە”.
بۆیە وەکوو ئەوەی ئەندامەکەی ژووری ئۆپۆراسیۆنی سەرژمێریی باسی کرد “حکوومەتی هەرێم پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵتەوە، تا ئەو کاتەی تەواوی پرۆسەی سەرژمێریی تەواو دەبێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20-11-2024، قۆناغێکی دیکەی سەرژمێریی لە عێراق و هەرێم دەستی پێ کرد و تیمەکان بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێکرا و لەو زانیاری و داتایانە دڵنیا دەبنەوە کە لە قۆناغی یەکەمدا تۆمار کراون.