14 تۆمەتباری رووداوەکەی حەمدانییە دەستگیرکرا

14 تۆمەتباری رووداوەکەی حەمدانییە دەستگیرکرا

ئه‌یلول 28, 2023 16:16
14 تۆمەتباری رووداوەکەی حەمدانییە دەستگیرکرا
0

لایک

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، 14 تۆمەتباری پەیوەست بە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانییە دەستگیرکراون، لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوو، تەواوی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکرێن.

عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، 14 کەسیان بە هۆکاری پشت رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەکانی حەمدانییە دەستگیکردوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای 72 کاتژمێری دیکە تەواوی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی تیمە ئەمنییەکان لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا دەکەن.

هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دادوەری عێراق رایگەیاند، هۆکاری کەوتنەوەی ئاگر لە هۆڵەکەی حەمدانییە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی، بنمیچی هۆڵەکە بە جۆرە قوماشێک رووپۆشکرابوو کە بە شێوەیەکی خێرا گڕی دەگرت، دوای ئەوەی یاری ئاگری بەکارهێنرابوو، بنمیچی هۆڵەکە گڕی گرت و دواتر تەشەنەی کرد بۆ هێلی کارەبا، لە ئێستاشدا خاوەن هۆڵەکە و دوو کەسی دیکە لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە شەوی رابردوو ئاگر لە هۆلێکی بۆنە و ئاهەنگ لە ناوچەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە، لە کاتی رووداوەکەش لە هۆڵەکەدا ئاهەنگێکی گەورەی هاوسەرگیری بەرێوەدەچوو.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەوە 93 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون، ژمارەی ئامادەبوانی ئاهەنگەکەش نزیکەی هەزار کەس بووە.

En az 10 karakter gerekli