بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەی بێجی کرێکارێک گیانی لەدەستداوە

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەی بێجی کرێکارێک گیانی لەدەستداوە

شوبات 9, 2026 21:51
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەی بێجی کرێکارێک گیانی لەدەستداوە
0

لایک

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، ڕایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە پاڵاوگەی بێجی، کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریش بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، ئاگرەکە لە یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەی “سەلاحەدین ٢” لە بێجی کەوتووەتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: “تەرمی کرێکارێک بە سووتاوی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە، هەروەها ٦ بۆ ٨ کرێکاری دیکە بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی بێجی.”

هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی پاڵاوگەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزی کارکردنی لەو یەکە زیانلێکەوتووەیەدا ڕاگرتووە. 

لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەقینەوەی “کۆمپرێسەر”ی یەکەکە و هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان.

هاوکات ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە رێکاری توندی ئەمنی و سەلامەتی لەناو پاڵاوگەکەدا گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی هاوشێوە.

En az 10 karakter gerekli