سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، بەرپرسانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە، بە هەڵە هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە. جەختیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان-عێراق نابێتە بەشێک لەم جەنگەی ناوچەکە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق لە سۆران، بەشداری لە پرسەی ئەو شەش پێشمەرگەیە کرد کە لە هێرشێکی مووشەکی بالیستیی ئێراندا، شەهید بوون.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “بە توندی سەركۆنەی ئەم هێرشە دەكەین”. ئاشکراشیکرد، لەسەر ئەو رووداوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆیان کردووە و وتی: “ئێران لێكۆڵینەوە لەسەر هێرشەكە دەکات و دانیشی بەوەدا ناوە کە بە هەڵە هێرشەكەیان كردووە، لە ئێستاشدا ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی ئێران دەكەین بۆ هەرێمی کوردستان”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی هەولێر(ئەربیل) کردەوە سەبارەت بە ئاڵۆزییەکان و ڕایگەیاند: “هەرێمی كوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیرییە لە ناوچەكە و هیچ كاتێکیش نابینە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها بە هیچ شێوەیەک نابینە بەشێک لەم جەنگە”.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاراستەی بەغدا کرد و داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کرد بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لەو بارەیەوە رایگەیاند: “پێویستە حكوومەتی عێراق وەک وڵاتێكی خاوەن سەروەریی هەڵسوكەوت بكات”.
هاوکات هۆشداریشیدا لە مەترسییەکانی مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە و جەختی لەوە کردەوە “دەبێت بەپەلە هێرشی گروپە لە یاسادەرچووەكان رابگیرێن”. بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.