سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە هەولێر

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە هەولێر

ئازار 2, 2023 14:44
سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە هەولێر
0

لایک

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر(ئەربیل) و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێدەکرێت.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای سەردانەکەی بۆ بەغداد، لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە. هەروەها بڕیارە چاوی بە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان- عێراقیش بکەوێت. 

گۆتێرێز بەرەبەیانیی چوارشەممە گەیشتە بەغداد و لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازی لێکرا و “ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق”ـی کرد بۆ کارەکانیان لەبارەی پەنابەران و ئاوارەکان و وتی، سەردانی ئاوارەکان لە عێراق و هەرێم دەکات.

لە سەردانەکەی بۆ بەغدا، گۆتێرێز لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ هه‌رێم، دوێنێ چوارشه‌ممه‌ (1ـی ئادار 2023)، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غداد رایگه‌یاند، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌ هه‌موو عێراقدا ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هه‌روه‌ها سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتی، “سەردانی هەولێر دەکەم و چاوەڕێی ئەوەم چاوم بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بکەوێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هاندەدەم کار لەسەر گفتوگۆی رێکخراو، دامەزراوەیی و رێککەوتن بکات، بەتایبەتی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی 2023، هەروەها یاسای نەوت و غاز، پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی زامنکاری سەقامگیری و بەره‌وپێشچوونە، چاوەڕێی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانم کە دوا کەوتووە، هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە پاڵپشتی لە دامەزراوەکانی هەڵبژاردن بکات لەگەڵ یۆنامی بۆ هاریکارییە تەکنیکییەکان.”

سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌ی سنجار، سكرێتری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان روونیكرده‌وه‌، “داواکارییەکانی نێردە تایبەتییەکەم دووپات دەکەم، بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی رێککەوتنی سنجار، ئاسایشێکی سەقامگیر و بەڕێوبەرایەتییەکی یەکگرتوو کارێكی سەرەکییە”.

En az 10 karakter gerekli