ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی و بڕیاریدا لێپرسینەوە لە “بەرپرسانی کەمتەرخەم” بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣١ـی ئاداری ٢٠٢٦، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندیی لەسەر گرێبەستی کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی سوپای عێراق دەربڕی. ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتە بۆ پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکان بە تەکنەلۆژیای سەردەمییانە.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی دارایی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە:
– بڕیاردرا وردبینی لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وەزارەتەکاندا بکرێت.
-ئەو بەرپرسانەی زانیارییە داراییەکانیان بۆ لیژنەکان نەناردووە، رەوانەی لیژنەی لێکۆڵینەوە کران.
-سزادانی ئەو بەڕێوەبەرانەی لە کاتی دیاریکراودا وەڵامی نووسراوەکانی حکوومەتیان نەداوەتەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا باس لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان کرا بەهۆی بارگرژییەکانی ناوچەکەوە. سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی، کورتەیەکی لەبارەی دۆخەکەوە پێشکێش کرد و بڕیاردرا هاوئاهەنگی لەنێوان لایەنە مەدەنی و سەربازییەکاندا بکرێت، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا و لەگەڵ گونجاویی بارودۆخەکە، گەشتەکان دەستپێبکەنەوە.