نوسینگهی محەممەد شیاع سوودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق، له ڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه، محەممەد شیاع سوودانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، لە وەڵامی بانگهێشتێکی فەرمی سەردانی بەریتانیا دەكات، زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار ئەنجامدەدات، کە دیارترینیان دیداری پاشای بەریتانیا و کییر ستارمەر سهرۆك وهزیرانی بەریتانیا، جگە لەوەش لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای حکومەتی بەریتانیا کۆدەبێتەوە.
نوسینگهی سهرۆك وهزیران ئاماژهی بهوهشكردەوه، سوودانی هەروەها چەند دیدارێک لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان و کەرتی بازرگانی ئەنجام دەدات، ئەوەش جگە لە ئەنجامدانی سیمینار و وتوێژ لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوەدا.
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە چوارچێوەی پەرەپێدانی دەرفەتەکانی هاوکاری نێوان عێراق و بەریتانیا دێت، کە تیایدا واژۆکردنی ڕێککەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەبوارە جیاجیاکاندا بەڕێوەدەچێت، بەتایبەتی لەبوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و ئەمنیدا.
ڕاگهیهندراوەكە ئەوەشی خستەڕوو، لە سەردانە فەرمییەکەی سودانیدا بۆ بەریتانیا شاندێکی باڵا یاوەری دەکات، کە ژمارەیەک لە وەزیرەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاری بەسرە و ژمارەیەک ڕاوێژکار لەخۆدەگرێت، جگە لە نوێنەرانی کەرتی تایبەت و بازرگانان و پیشەسازییە تایبەتمەندەکان لە کەرتە جیاوازەکانی ئابووریدا.