تەندروستی نەینەوا بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی راگەیاند کە لە ڕووداوەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا ئاماری گیانلەدەستدانی ڕوداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانیەی خستە ڕوو، بەپێی ئامارەکە ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا گیانیانلەدەستداوە بەرز بووەتەوە بۆ 113 کەس، کە 41 کەسیان تا ئێستا ناسنامەیان دیار نییە.
لە ئامارەکەشدا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی باس لە ژمارەی بریندارەکان کراوە کە تا ئێستا 12یان نێردراونەتە دەرەوە بۆ چارەسەر و 20 بریندار لە نەخۆشخانەکاندا ماون، کە 3 کەسیان لە نەخۆشخانەی کۆمارین لە موسڵ، 11برینداریان لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای ھەولێرن، 6ی تریش لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای دھۆکن.
تەندروستی نەینەوا دەشڵێت، بڕیارە 8 برینداری دیکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوە بکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە دوای پێنج رۆژ لە لێکۆڵینەوە ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانیەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئاگرەکە بەھۆی یاریی ئاگرینەوە دروستبووە، قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و چەند بەرپرسێکی دیکەش بەھۆی کەمتەرخەمییەوە لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و رەوانەی دادگا دەکرێن.