بانگهشهی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنها 24 کاتژمێر ماوە بۆ دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکان كه سبەینێ شەممە دهستپێدهكات.
دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان له 15 پارێزگای عێراقدا لە رۆژی دوشەممە (18ی 12ی 2023) دەستپێدەکات، لهكاتێكدا ماوەی بانگهشهی هەڵبژاردن کە لە 1ی (تشرینی دوەم/11) واتا 45 رۆژ لەمەوبەر دەستیپێکردوە، بهرهبهیانی ئهمڕۆش بە تەواوی کۆتایی هات.
لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی راگرتنی بانگهشهی هەڵبژاردن، کاندید و لیستەکان، هەروەها میدیاکان بێدهنگ دهبن و دهرفهت دهدهنه هاوڵاتیان بۆ بیرکردنەوە و بڕیاردان سەبارەت بەو کاندیدانەی کە دەنگیان پێدەدەن.
لەلایەکی دیکەوە کۆمسیۆنی پەیوەندییەکان و راگەیاندن داوای لە میدیاکان کرد پابەندبن بە پێشێلنەکردنی رێساکانی بێدەنگی هەڵبژاردن و قەدەغەکردنی هەر پڕوپاگەندەیەکی هەڵبژاردن بۆ هەر کاندیدێک، هەروەها کارەکانی لەسەر پەروەردەکردن بێت سەبارەت بە بەشداریکردنی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا و هاندانی هاوڵاتیان بۆ دەنگدان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی راگرتنی بانگهشهی ههڵبژاردندا مامەڵە لەگەڵ هەر پڕوپاگەندەیەکی هەڵبژاردن دەکات وەک پێشێلکردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، سزاکەی بۆ دەستەی کۆمسیاران جێدەهێڵرێت.