بۆ جارێکى دیکە دانیشتنى دادگاى فیدراڵى تایبەت بە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان-عێراق دواخرا.
دانیشتنى دادگاى فیدراڵى تایبەت بە سکاڵایەک دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان-عێراق جارێکى دیکە و بۆ 11/2/2024 دواخرا.
سکاڵاکە لە هەریەکە لە (سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان) تۆمارکراوە، بەپێى سکاڵاکە داوا دەکرێت ماددەکانى (1 و 9 و 15 و 22 و 36) لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە نا دەستوریی بناسێنرێت.
ئەو ماددانەى لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان داواى نایاساییبونى دەکرێت ئەمانەن:
ماددەى یەکەم: پەرلەمانى کوردستان-عێراق لە سەد و یازدە ئەندام پێکدێت.
ماددەى نۆیەم: هەرێمى کوردستان-عێراق بە یەک ناوچەى دەنگدان دادەنرێت و دابەشدەکرێت بەسەر چەند مەرکەزێکى دەنگداندا.
ماددەى پازدەم: بۆ هەرێمى کوردستان، خشتە بە ناوى دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێى مەرکەزەکانى هەڵبژاردن ئامادە دەکرێن و بە ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان رێکدەخرێن کە پیشە و ناونیشان و بەروار و جێگەى لەدایکبوونیان تێدا تۆمار کراوە ئەگەر لەتوانادا نەبوو ئەوە بکرێت ئەوکاتە دەستەى باڵا بۆی هەیە رێگەیەکى ترى لەبارتر بۆ وەدیهێنانى مەبەستى پێویست دیاریبکات.
ماددەى بیست و دووەم:1- هەر کیانێکى سیاسى لە هەرێمى کوردستان-عێراقدا بۆى هەیە لیستێکى تایبەت بە ناوى پاڵێوراوەکانى خۆى لەسەر ئاستى کوردستان- عێراق بکات کە رێژەیەک ئافرەتى تێدا بێت لە (30%) کەمتر نەبێت و ناوى پاڵێوراوەکانیش بەشێوەیەک ریزبەندى کرابن کە رێژەى ناوبراوى ئافرەتان لە پەرلەماندا زامن بکات، بەمەرجێک ژمارەى پاڵێوراوەکان لە هەر لیستێکى هەڵبژاردندا لە (3) پاڵێوراو کەمتر نەبن.
2-لیستى پاڵێوراوەکان لەماوەى (15) رۆژ لە بەروارى راگەیاندنى وادەى هەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکى دەستەى باڵا دەکرێت و هەمو بەڵگەنامەیەکى پێوە دەلکێنرێت کە لە ماددەى بیست و یەکەمدا داوا کراون.
ماددەى سی و شەشەم: یەکەم/ تێکڕاى هەڵبژاردن بەپێى ئەم میکانیزمەى خوارەوە دیاریدەکرێت:
1-کۆى گشتى دەنگە دراوە درووستەکانى ئەو پێکهاتانەى لە ماددەى (36 دووبارە)ى ئەم یاسایەدا ئاماژەیان بۆ کراوە دابەش دەکرێتە سەر ژمارەى ئەو کورسیانەى بۆ هەر پێکهاتەیەک تەرخان کراوە بۆ دەرهێنانى تێکڕاى هەڵبژاردن بۆى.
2-ئەو دەنگانەى دەمێننەوە دابەش دەکرێنە سەر ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمان پاش لێکەمکردنەوەى ژمارەى ئەو کورسیانەى لە (1)ى سەرەوە ئاماژەى بۆ کراوە، بۆ دەرهێنانى تێکڕاى هەڵبژاردنى ئەو قەوارانەى حوکمەکانى ماددەى (36 دووبارە)ى ئەم یاسایە نایانگرێتەوە.
دوەم: ژمارەى ئەو کورسییانەى کەوا هەر قەوارەیەک بەدەستیهێناوە بەپێى ئەم میکانیزمەى خوارەوە دیاریدەکرێت:
1-دابەشکردنى ئەو دەنگانەى هەر قەوارەیەک بەدەستیهێناون بەسەر تێکڕاى هەڵبژاردن، کە بەپێى بڕگەى یەکەمى سەرەوە دەرهێنراوە، بۆ دیاریکردنى ژمارەى ئەو کورسییانەى قەوارەى پەیوەندیدار بەدەستیهێناون.
2-لە حاڵەتى دەستنەکەوتنى تێکڕاى هەڵبژاردن لەلایەن هیچ قەوارەیەکى کێبڕکێکار لەسەر ئەو کورسییانەى لە ماددەى (36 دووبارە) ئاماژەیان بۆکراوە، ئەوا یەک کورسى دەبەخشرێتە ئەو قەوارەیەی کەوا زیاترین دەنگى لەنێو پێکهاتەکەدا هێناوە.
سێیەم: ئەو کورسیانەى لە ئەنجامى دەستکەوتنى ماوەدەنگ کە ناگاتە تێکڕاى هەڵبژاردن بە بەتاڵى دەمێننەوە دەبێتە هى ئەو قەوارەیەی کە زۆرترین ماوەدەنگیان بەدەستهێناوە و بەشێوەیەکى یەک لەدواى یەک.