دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی هاندانی تووندوتیژی، دوو کەسی “سەر بە داعش”یان دەستگیرکردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی جموجووڵەکانی رێکخراوی داعش، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکووک دوو “تیرۆریست”یان دەستگیرکرد کە ڤیدیۆی هاندانیان بڵاوکردووەتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر سەقامگیری ئەمنی دروستبکەن”.
ئەو دەزگایە دەڵێت، لە دوو مانگی رابردوودا لە شەش پارێزگا 20 کەسیان بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکردووە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق تیمێکی پێکهێناوە و دوای چڕکردنەوەی هەوڵی هەواڵگری و وەرگرتنی رەزامەندیی دادگە، دوای تێپەڕبوونی 24 کاژێر بەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانیان، هەردوو کەسەکەی دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوو تۆمەتبارەکە دانیان بەوەدا ناوە کە “سەر بە رێکخراوی داعشن” و ئاماژەیشیان بەوە کردووە کە ئامانجیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە تێکدانی سەقامگیری و بڵاوکردنەوەی ترس بووە لای خەڵک.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، هێزەکانیان لە دوو مانگی رابردوودا لە پارێزگاکانی بەغداد، سەلاحەدین، نەینەوا، ئەنبار، بەسرە و دیالە 20 “تیرۆریست”ی داواکراوی دیکەیان بە مادەی (1/4)ی تیرۆر دەستگیرکردووە؛ ئاماژە بەوە دەکات، تۆمەتبارەکان دراونەتە دادگە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.