ئایدن مەعروف: پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئایدن مەعروف: پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن

ئایدن مەعروف: پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن

تشرینی یه‌كه‌م 14, 2023 17:19
ئایدن مەعروف: پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن
0

لایک

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوا لە دادگای فیدراڵی دەکات ئەو سکاڵایانەی لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراون، رەتبکاتەوە و دەڵێت، “هەر بڕیارێک لە دژی پێکهاتەکان بدرێت، کاریگەریی لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوانیان دەبێت“.

ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێم و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی و نوێنەری ژمارەیەک پارتی سیاسی تورکمانی لە عێراق و هەرێم کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان لەبارەی بەشداریی پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان-عێراق سازکرد.

ئایدن مەعروف لەبارەی بەشداریی پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان-عێراق وتی، “داواکراوە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بکرێت؛ ئەگەر هەڵبژاردن بەم یاسایە بکرێت، پێکهاتەی تورکمان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نابێت و لە هەڵبژاردنەکە بێ بەش دەبێت، چونکە لە یاساکەدا، هەر پێنج کورسییەکەی کۆتاکان بەسەر پێکهاتەکانی کلدانی، سریانی و ئاشووری دابەشکراون”.

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی باسی لەوەش کرد، “هەندێک لایەنی دیکە داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە هەمان یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی عێراق بکرێت؛ ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ئەو یاسایە بکرێت، بە هەمان شێوە پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنەکە بێ بەش دەکرێت. کەواتە بە هەردوو یاساکە تورکمانەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بێ بەش دەبن”.

بە وتەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، “هەندێک لایەن دەیانەوێت بابەتەکە تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکەن و بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکاربهێنن. داوا دەکەین دادگای فیدراڵی ڕەچاوی بارودۆخی پێکهاتەکان بکات و ئەم سکاڵایەنە رەتبکاتەوە. ئەم بابەتە تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمان دەتوانێت گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردندا بکات. پێمانوایە هەر بڕیارێک لە دژی پێکهاتەکان بدرێت، کاریگەری لەسەر ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییە دروست دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و شانازی پێوە دەکەین”.

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، “پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن” و دووپاتیشی دەکاتەوە، “بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان زۆر گرنگە و پێویستە پشتیوانی لە بەشداریکردنیان بکرێت”.

ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەش کرد، “پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە و پێویستە هەمووان بەیەکەوە کار بۆ پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە ئاشتییە بکەین. ئێمەی پێکهاتەکان و بەتایبەت پێکهاتەی تورکمان هەمیشە لەگەڵ ئەوە دابووینە سەقامگیری سیاسیی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان هەبێت.”

رۆژی یەکشەممە تشرینى یەکەمى 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەی ژمارەیەک سکاڵا کە لە دژی پێنج ماددەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون، کۆبووەوە. دواتر کۆبوونەوەکە بۆ سبەی یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023 دواخرا.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان-عێراق لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.

En az 10 karakter gerekli