شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدادە و یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ئەنجامدا.
شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەران، ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی تاوتوێ دەکات.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتەکە گەیشتە بەغدا.
ئێستا شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکوومەتی عێراق، پڕۆژەی “هەژماری من” و چەند پرسێکی دیکە؛ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە کۆبوونەوەدایە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتەی رابردووی خۆیدا، وەزارەتی دارایی و ئابوری و شاندی دانوستانکاری هەرێمی راسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەستهاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژمێری وەزارەتی دارایی فیدراڵ.