یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە خەڵاتکردنی بکوژی مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل رایگەیاندووە، ئەوە مایەی استفزاز و سوکایەتی کردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوکارانی شەهید دکتۆر هۆشیار.
دەقی روونکردنەوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان:
ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بابەتی خەڵاتکردنی بکوژی شەهید (دکتۆر هۆشیار اسماعیل)بە خەرقێکی گەورەی هەیبەتی دادگا و سەروەری یاسا دەزانین ، هەروەها ئاسانکاریە بۆ تەشەنەکردنی تاوان و لە یاسا دەرچوون و ڕێگە خۆشکردنە بۆ پشێوی کۆمەڵایەتی ، بەداخەوە لە جیاتی بەجێگەیاندنی سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژان ، خەڵات دەکرێن .
بۆ ئێمە جێگەی نیگەرانیە ، ئیدانەی ئەو کارە نایاسایی و سەرپێچیە دەکەین .
ئەوەی کراوە لەم کەیسەدا ، لەجیاتی بکوژ لەسێدارە بدەن ! خەڵاتی دەکەن و لە ڕاگەیاندن شانازی پێوە دەکەن ، ئەوە مایەی استفزاز و سوکایەتی کردنە بە بنەماڵە و زانا و قوتابی و هاوکارانی شەهید دکتۆر هۆشیار .
بەداخەوە چەندان جار دەسەڵاتداران بەڵێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدانیان دا بۆ بکوژانی دکتۆر هۆشیار بەڵام نەک جێبەجێیان نەکرد بەڵکو خەڵاتیان کرد .
بۆیە داوا دەکەین داواکاری گشتی ئەو بێڕێزیە بە بڕیارەکانی دادگا قبوڵ نەکەن و دەسەڵاتداران چیتر سوکایەتی بە مافی ستەملێکراو و بڕیارەکانی دادگا نەکەن .
بە توندی ئەو کارە نایاساییە ڕەتدەکەینەوە و بێڕێزیە بە مافەکانی مرۆڤ و یاسا بەرکارەکان.
ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
3/8/2022