بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 11ـی 7ـی 2022، تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کراوە و بەو هۆیەوە پاسەوانێکی ناوبراو برینداربوو.
لەوبارەیەوە حاجی مەسیفی لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد کە ئەوان دوژمندارییان لەگەڵ کەس نییە و وتیشی، ” بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 2:15 خولەک، دەستڕێژی گولـلە لە ماڵەکەمان کرا و تاوەکو ئێستا نازانین ئەنجامدەرانی کێن”.
بەپێی زانیارییەکان، پاسەوانەکەی حاجی مەسیفی گولـلە بەر باڵی کەوتووە و شەو نەشتەرگەری بۆ کراوە و لە ئێستادا بارودۆخی تەندروستی جێگیرە.
بەپێی قسەکانی حاجی مەسیفی، دوای رووداوەکەی ئەمڕۆ بەیانی، ناوبراو سکاڵای یاسایی لەبارەی رووداوەکە تۆمارکراوە و پەراوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە.