کۆمپانیای دانە غاز لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە هەرێم بەرزکردووەتەوە بۆ رۆژانە 500 ملیۆن پێی سێجا کە “ئاستێکی پێوانەییە”.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای دانەغاز کە رۆژی 8ـی شوبات بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵی 2022 دا ئاستی بەرهەمهێنانی غازی بە رێژەی 1٪ بەرزکردووەتەوە بۆ رۆژانە 34 هەزار و 300 بەرمیل هاوتای نەوت. هاوکات لە نیوەی دووەمی ئەو ساڵەدا توانای بەرهەمهێنانی لە رێگەی پێشخستنی کێڵگەی غازی کۆرمۆرەوە رۆژانە بەبڕی 50 ملیۆن پێی سێجا بەرزکردووەتەوە، ئەوەش پەیوەست بووە بە بەرزکردنەوەی توانای بەرهەرمهێنان، بەڵام لە رۆژی 14ـی مانگی یەکی ئەمساڵەوە، ئەو توانایە کەڵکی لێوەرگیراوە و لە بەرهەمهێنانی غازدا رەنگی داوەتەوە و جێبەجێکراوە، بە جۆرێک ئاستی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە دوای 14-01-2023 دا رۆژانە 50 ملیۆن پێی سێجا زیادبووە و لە 450 ملیۆن پێی سێجاوە بۆ 500 ملیۆن پێی سێجا بەرزبووەتەوە.
کۆمپانیای دانەگاز هەروەها رایگەیاندووە لەو پێنج بیرەی کە پلانی بۆیان دارشتووە، 4 بیریان هەڵکۆڵیوە لە چوارچێوەی پلانی پەرەپێدانی کێڵگەی کۆرمۆردا.
دانەغاز ئاشکرای کردووە پوختەی داهاتی کۆمپانیاکە لە ساڵی 2022دا بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 53٪ بەرزبووەتەوە بۆ 196 ملیۆن دۆلار.
دانەغاز لە هەرێم غازی سروشتی، غازی کۆندێنسەیت و غازی ئیڵ پی جی بەرهەمدەهێنێت.