بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک حەجی بازرگانی بە شێوەیەکی فەرمی نەک تەنها لە کوردستان و عیراق بگرە لە سعودیەش هیچ بنەمایەکی نییە و داواش لە هاووڵاتیانی هەرێم دەکات باوەڕ بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک نەکەن کە بانگەشەی هەبونی حەجی بازرگانی دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، “بەهۆی نزیک بونەوەی وەرزی حەجی ئەمساڵ، ماوەیەکە سەبارەت بە حەجی بازرگانی پەیوەندییەکی ئێجگار زۆر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەوە دەکرێت، هەر وەک چۆن پێشتریش ئاگاداری هاووڵاتیانی کوردستانمان کردبوەوە، وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان ئەوە روندەكەینەوە کە ئەمساڵ بە هیچ شێوەیەک حەجی بازرگانی بە شێوەیەکی فەرمی نەک تەنها لە کوردستان و عیراق بگرە لە سعودیەش هیچ بنەمایەکی نییە و داواش لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە باوەڕ بە هیچ کەس و کۆمپانیایەک مەکەن کە بانگەشەی هەبونی حەجی بازرگانی دەکەن، چونکە ئەگەری زۆرە پارەکەیان بەهەدەر بچێت، هەروەک چۆن لە ساڵانی رابردودا زۆر خەڵک زەرەرمەندبون و زیانیان پێكەوتوە”.
روونیشیکردوەتەوە،” بڵاوبونەوەی هەندێک وێنەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوایە وێنەی فۆرمی وەرگرتنی ڤیزای حەجی ئەمساڵە، دوای بە دواداچونمان بۆمان دەرکەوت کە ئەو وێنانە هیچ بەروارێکیان لەسەر نییە و لەوە زیاتر نین كە لە بڵاوكراوەی ساڵانی پێشو لە ئینتەرنێتەوە وەرگیراون بۆ سەرنجڕاكێشان و خەڵەتاندنی موسڵمانانی تامەزرۆی سەفەری حەج بەكاریان دێنن”.
ئاماژەی بەوەشکردوە،”بڕە پارەیەكی زۆر بۆ حەجی بازرگانی داوادەكرێت، بێ ئەوەی هیچ بنەمایەكی فەرمی بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە هەبێت”.”.
جەختی لەوەشکردوەتەوە،” هۆشداری دەدەینە هەمو کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە، کە مۆڵەتی فەرمییان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومڕە وەرگرتوە خۆیان لەم کارە بە دوربگرن، بە پێچەوانەوە بەهۆی بانگەشە و رێکلام کردنی بێ بنەما بۆ حەجی بازرگانی، دواجار ڕوبەڕوی لێپچینەوەی یاساییی و کارگێری دەبنەوە.