پەیامی پیرۆزبایی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری عێراق
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پەیامی پیرۆزبایی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری عێراق

پەیامی پیرۆزبایی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری عێراق

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
پەیامی پیرۆزبایی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری عێراق
0

لایک

سێ سەرۆکایەتییەکەی هەریم پەیامی پیرۆزباییان ئاراستەی د. عەبدولـلەتیف رەشید کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری عێراق، کە ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بە سەرۆککۆماری عێراق دیاریکرا.

پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی:
سه‌رۆكی هه‌رێم په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی د. له‌تیف ره‌شید كرد به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ سه‌رۆکكۆماری عێراق و هیواشی خواست هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هاوكار بن بۆ داهاتوویه‌كی باشتر.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند، “پيرۆزبايى له‌ سه‌رۆک د. له‌تيف ڕه‌شيد ده‌كه‌م بۆ هه‌ڵبژاردنى به‌ سه‌ركۆمارى عێراق، هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ ده‌خوازم”.
ڕاشیگه‌یاند، “هيوادارم هه‌موو لايه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ هاوكار بن بۆ داهاتوویه‌کی باشتر و هاتنه‌كايه‌ى حكوومه‌تێكی‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى داواكاريى هاووڵاتيیان و ته‌حه‌دييه‌كانى ئه‌م قۆناغه”.

پەیامی پیرۆزبایی مەسرور بارزانی:
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە لەتیف ڕەشید کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری عێراق.
لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت لە تویتێکیدا ڕایگەیاند، ”پیرۆزباییم لە د. لەتیف ڕەشید کرد بە بۆنەی ھەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری نوێی عێراقی فیدراڵ”.
راشیگه‌یاند، “داوام لێ کرد لە ئاست بەرپرسیارێتیی گرنگیی خۆیدا بێت بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گشت عێراقییەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، “هەموومان بەرگەی ئاڵۆزی زۆمان گرتووە، ئێستا دەبێت ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەبێت بۆ ئەوەی سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە. چیتر ناکرێت خواست و پێداویستییەکانی خەڵک پەراوێز بخرێت”.

پەیامی پیرۆزبایی رێواز فایەق:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان- عێراق پیرۆزبایی لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق کرد و رایگەیاند، هیوادارە کە ئەو “سه‌ركه‌وتنه‌ ببێته‌ مایه‌ی پته‌وبوونی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و پێشخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی دیدگا جیاوازه‌كان.”
وتیشی، هیوادارە به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراسییه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ کۆی پرۆسه‌ی سیاسیی له ‌عێراقدا و “هه‌رچی زووه‌ هه‌نگاوە دەستوورییەکانی دیکەی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکومەتی بەدوادابێت.”