لەگەڵ ئەوەی بڕیار بوو ئەمڕۆ تەنها مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەشبکرێت، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستیش دەکرێت.
سەرچاوەیەک لە گەنجینەکان بە میدیاکانی راگەیاند، لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە ئاگادارکراوینەتەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەهەمان میکانیزمی مانگەکانی رابردوو دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 2ی وەزارەتی تەندروستی بکەین.
پێشتر بڕیار بوو ئەمڕۆ تەنها مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە دابەشبکرێت کەلەلایەن هاوپەیمانانەوە دابینکراوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد “نەناردنی 200 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عێراق و نەگەڕاندنەوەی داهاتی بۆ خەزێنەی حکومەت، هۆکاربوون بۆ دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە، ئێستا لە داهاتی مانگی 3 مووچەی مانگی 2 دەدرێت”.