مەسعود بارزانی، بە بۆنەی 52ـهەمین ساڵیادی رێککەوتنی 11ـی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسعود بارزانی، بە بۆنەی 52ـهەمین ساڵیادی رێککەوتنی 11ـی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی، بە بۆنەی 52ـهەمین ساڵیادی رێککەوتنی 11ـی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە

مەسعود بارزانی: لە هەر بارودۆخ و لەژێر هەر گوشارێكدا ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
مەسعود بارزانی، بە بۆنەی 52ـهەمین ساڵیادی رێککەوتنی 11ـی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە
0

لایک

به‌بۆنه‌ی په‌نجاو دووه‌مین ساڵیادی رێكه‌وتننامه‌ی یازده‌ی ئادار، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، عێراق ناچار كرا كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێک لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
زۆر بە بەرزی یادی پەنجا و دوو ساڵەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئادار دەكەینەوە كە دەستكەوتێكی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان بوو.
لە ئەنجامی پێداگری و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و شۆڕش، بە ڕابەرایەتیی جەنابی بارزانیی نەمر ڕژێمی عێراق ناچار كرا كە لە یازدەی ئاداری 1970ـدا بۆ یەكەم جار و بە شێوەیەكی فەرمی دان بە بەشێك لە مافەكانی گەلەكەماندا بنێت.
یازدەی ئاداری 1970، بەڵگەیەكی ڕوونە لە سەركەوتنی شۆڕش و ئیرادەی ڕەوای گەلی كوردستان بەسەر نكۆلیكاریی ناحەزانی گەلی كوردستان و هەوڵەكانیان بۆ سڕینەوەی گەلەكەمان. ڕێككەوتننامەی یانزدەی ئازار بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چین و توێژ و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بوو. ئەو خەباتەی لەپێناو بەرقەراربوونی پێكەوەژیان و شەراكەت و دادپەروەری و ئاشتیدا بەردەوام بوو و گەییشتە ئەنجام.
ڕاستە لەدوای ڕێككەوتنی یازدەی ئازاریش ڕژێمی عێراق ڕێگەی پەیمانشكێنی و ملهوڕی گرتەبەر بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بۆ بەردەوامی خەبات و خۆبەدەستەوەنەدان هەر بەردەوام بوو و، بووە هۆی بەدەستهاتنی دەستكەوتی گەورەتر.
لە ساڵیادی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاردا جەخت لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێكەوەژیانی گەلی كوردستان دەكەینەوە و ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە لە هەر بارودۆخ و لەژێر هەر گوشارێكدا ئیرادەی گەلی كوردستان ناشكێت و، كوردستان دەستبەرداری ئازادی و مافە ڕەواكانی نابێت.
مسعود بارزانی11ی ئاداری 2022