کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا 46 کاندید لە پرۆسەی هەڵبژاردن دوورخراونەتەوە.
هاوكات بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بەردەوامە لە ڕێکارەکانی بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە.
لەمبارەیەوە عیماد جەمیل، بەرپرسی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن بە میدیای ناوخۆ ڕاگەیاندووە، “پرۆسەی وردبینی کاندیدەکان تا کۆتایی مانگی تەمووز بەردەوام دەبێت”، ئاماژەی بەوەشکرد، “تا ئێستا 46 کاندید دوورخراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی حزبەکانیان مەرجەکانی وەرگرتنی کاندیدەکانیان لەنێو لیستی هەڵبژاردن لەدەست داوە، هۆکارێکی دیکەش تەواونەکردنی پێداویستییەکانی خۆپاڵاوتنە.”
عیماد جەمیل ئەوەشی خستەڕوو، “بەپێی پەیڕەوی تۆمارکردنی کاندیدەکان ژمارە 3ـی ساڵی 2005، لە لیستی کراوەدا نابێت ڕێژەی هەڵگرانی بڕوانامەی دبلۆم و ئامادەیی لە 20% زیاتر بێت، بۆیە دەرکەوتووە کە 11 کاندید کە هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی بوون، ئەو ڕێژەیەیان تێپەڕاندووە و بە هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس جێگەیان گیراوەتەوە.”