سەرۆکایەتی هەرێم، راگەیەندراوێکی لەبارەی دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ سلێمانی نێچیرڤان بارزانی بە جیا لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافل تاڵەبانی و ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەھائەددین و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی و سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کورستان، عەلی باپیر و سەرکردایەتیی ئەو لایەنانە کۆبوووەوە”.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرانی سەرۆکی ههرێم، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە راوێژکاران ئامادەی بوون، دۆخی سیاسیی ھەرێمی کوردستان و عێراق و تەحەدییەکان، تاوتوێ کراون.
راشگەیەندراوە “لەکۆبوونەوەکاندا جەخت لە گرنگیی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان، تەبایی، پێکەوەیی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کراوەتەوە و ھاوڕا بوون کە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنەکان و یەکدەنگییان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی بەسەر دۆخی گشتیی ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت و پێگەی کوردستانیش لە بەغدا بەھێزتر دەکات”.
ئەوەش هاتووە “نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵەکانی لە پێناو یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەنەکاندا بەردەوام دەبێت و وەک ھەمیشە بە چەتری کۆکەرەوەی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە”.
ئاماژه بهوهش كراوه لایەنە سیاسییەکان ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمیان لەپێناو کۆکردنەوەی لایەنەکان و یەکڕیزی و تەباییدا، بەرز نرخاندووه و ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ خواستووه.