وتەبیژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق تایبەت بە دوو لیوا هاوبەشەکەی سووپای عێراق و پێشمەرگە رایگەیاند، هەموو کارەکانی دوو لیواکەیان تەواو کردووە و زۆری نەماوە دەستبەکار بن، تاکە شت کە ماوە جێگیرکردنی پلەی دامەزراندنی سەربازەکانی دوو لیواکەیە، کە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە وەستاوە.
رۆژی چوارشەممە 21-09-2022، لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی راگەیاند، “بابەتی دوو لیوا تایبەت و هاوبەشەکە لای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان زۆر گرنگە، چونکە ئەو لیوایانە دەبنە هۆی زیادبوونی هەماهەنگی لەنێوان ئێمە و هێزی پێشمەرگە.
خەفاجی جەختی لەوەشکردەوە، هەماهەنگی نێوان ئەوان و هێزەکانی پێشمەرگە لەئێستادا لە ئاستێکی زۆر باڵادایە و بە دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکە هەماهەنگییەکان زیاتریش دەکات، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە جێی سەرنجی ئەمنیی هەردوولان لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە بە “بۆشایی ئەمنی” ناسراون.
پێشتر حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق رێککەوتوون کە دوو لیوای هاوبەش لە پێشمەرگە و سەربازی سووپا دروست بکەن و لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بڵاوەیان پێ بکەن، بەڵام تاکو ئێستا ئەو دوو لیوایە دەستبەکار نەبوون.